کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزای ٨٠ مانگ زیندان بۆ دوو چالاکی کرێکاریی کورد بڕایەوە

16:12 - 5 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: دوو چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە و کامیاران لەلایەن دەزگای قەزایی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، سزای ٦ ساڵ و ٨ مانگ زیندانی تەعزیرییان بەسەردا سەپا.
بەپێی راپۆرتی ناوەندەکانی چالاکی مافی مرۆڤ، لقی یەکی دادگای ئینقلابی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری سنە، ئەفشین نەدیمی و مێهرداد سەبووری چالاکانی کرێکاری بە ٦ ساڵ و ٨ مانگ سزای زیندانی تەعزیری مەحکووم کران.
مێهرداد سەبووری تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی شارستانی سنە و ئەفشین نەدیمی خەڵکی شارستانی کامیاران و لە ئەندامانی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی دامەزراوە کرێکارییەکان، نزیک بە دوو مانگ پێش ئێستا لە کاتی گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان بێ سەروشوێن بوون، بەڵام پاش ماوەیەک لە رێکەوتی ٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی هەواڵی دەسبەسەرکرانیان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامیارانەوە بڵاو بووەوە.
پاش نزیک بە دوو مانگ دەسبەسەر کران لە ئیدارەی ئیتلاعات رێژیمی ئیسلامیی لە کامیاران و سنه، دانیشتنی دادگایی کردنی ئەو دوو چالاکییە کرێکارییە بەڕێوەچوو و سزایان بەسەردا سەپا.
پێشتر ئەفشین نەدیمی لە ساڵی ١٣٨٩ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری کامیاران دەسبەسەر و لەلایەن دادگای ئینقلابی ساری سنەوە سزای ٤ مانگ زیندانی بۆ بڕایەوە و پێشتر لەوەش لە ساڵی ١٣٨٠ لەلایەن دادگای کامیارانەوە بە تۆمەتی \'\'تەبلیغ دژی رێژیمی ئێران\'\' سزای ٤ مانگ زیندانی بەسەردا سەپابوو.