کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سنه/ کۆکردنەوەی ماهوارەی هاوڵاتییان بەردەوامە

15:35 - 22 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: لە دوو گەڕەکی شاری سنە بەناوەکانی \'\'ئاپارتمانەکانی دەفتەر فەننی\'\' و \'\'گریاشان\'\'، هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئیران دەستیان داوەتە کۆکردنەوەی ماهوارەی هاووڵاتییان.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران لە شاری سنە بە هاتنی مانگی موحەڕەم شەپۆلێکی نوێی کۆکردنەوەی ماهوارەیان لە شارەکانی کوردستانی ئێران دەست پێکردووە و ئەو شەپۆلەش هەنووکە چەند گەڕەکێکی شاری سنەی گرتووەتەوە.
رێکەوتی ٢٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی لە ئاپارتمانەکانی گەڕەکی دەفتەر فەننی، شەپۆلی کۆکردنەوەی ماهوارەی هاووڵاتییان لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێرانەوە بەڕێوەچوو و رۆژێک دواتر واتە لە رێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەر ئەو شەپۆلە گەڕەکی \'\'گریاشان\'\'ی ئەو شارەشی گرتەوە.
هاووڵاتییەک لەو پێوەندییەدا بە هەواڵنێری ماڵپەڕی \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: رێژیمی ئێران بە مەبەستی پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی بەرنامەی تەلەفزیۆنە کوردییەکان، ماهوارەکان کۆدەکاتەوە و نایهەوێ هیچ چەشنە بیرێکی جیاواز لە \'\'ئەسڵی ویلایەتی فەقیهـ \'\' لەنێو خەڵکدا بڵاو بێتەوە.
رێژیمی ئیسلامیی ئێران تەنیا بە داسەپاندنی بیری ویلایەتی فەیقیهـ لە ئێراندا رانەوەستاوە و دەیهەوێ لە رێگا جۆراوجۆرەکانەوە ئەو بیرۆکەیە بۆ وڵاتانی جیهاندا هەناردە بکات.
لەو پێوەندییەدا لە رێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە گوندی \'\'لۆن سادات\'\'ی ناوچەی کامیارانیش شەپۆلی کۆکردنەوەی ماهوارە لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێسلامیی ئێرانەوە بەڕێوەچوو کە هەواڵەکەی لەلایەن ماڵپەڕی \'\'کوردستان میدیا\'\'وە بڵاو کرایەوە.