کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیناتور تێد کروز: کاتی ئەوەیە کە لەگەڵ رێژیمی ئێران وەک دوژمن هەڵسوکەوت بکەین

20:47 - 23 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: یەکێک لە سیناتورە کۆماریخوازەکانی ئامریکا رێژیمی ئێرانی وەک سەرەکیترین پشتیوانی تیرۆریزم لە جیهاندا وەسف کرد و خوازیاری کردەوەیەکی توندی کۆمەڵگای جیهانی لەگەڵ ئەو رێژیمە بوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سیناتور تێد کروز کە یەکێک لە سیناتورە کۆماریخوازەکانی ئامریکا لە ویلایەتی تێگزاسە، لە قسەکانیدا لە دامەزراوەی هریتیج کە ناوەندێکی لێکۆڵینەوە و پەروەردەییە و ئەرکی سەرەکیی کۆکردنەوە و گەڵاڵە کردنی بنەما و کۆڵەکەی هێڵی سیاسەتی گشتیی کۆشکی سپییە؛ رێژیمی ئێرانی پشتیوانی سەرەکیی تیرۆریزم لە جیهان و گەورەترین هەڕەشە وەسف کرد.

تێد کروز لە قسەکانیدا خوازیاری داسەپاندنی گەمارۆی قورستر لەلایەن کۆمەڵگای جیهانی و بە تایبەت ئامریکا دژی رێژیمی ئێران بوو.

ئەم سیناتورە کۆماریخوازە، لە درێژەی قسەکانی خۆیدا جەختی لە سەر توند و تیژی و کردەوە تیرۆریستییەکانی گرووپگەلێک وەک حیزبوڵلای لوبنان و رێژیمی بەشار ئەسەد بە پشتیوانی رێژیمی ئێران کرد و رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی گەورەترین هەڕەشە بۆ جیهان لە قەڵەم دا.

تێد کروز، ئاماژەی بەوەیش کرد کە کاتی ئەوە گەیشتووە کە لەگەڵ رێژیمی ئێران وەک دوژمنێک هەڵسوکەوت بکەین.

ئەم سیناتورە ئامریکاییە لە قسەکانیدا درێژکردنەوەی ماوەی دانوستانە ناوکییەکانی هەڵە لە قەڵەمدا و رایگەیاند کە دەبێت شکستی دانوستانە ناوکییەکان لەلایەن گرووپی ١+٥ رابگەیەندرێت و ئێمە هەر لە ئێستاوە دیسان گەمارۆ ئابووریەکان قورستر بکەین.