کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی بەرپرسانی رێژیم لە گوندێکی هەورامان، ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی لێکەوتەوە

18:51 - 27 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: پاش هاتنە ئارای چەندین حەرەکەتی مەدەنی لە گوندی دەرەکێ، بەرپرسانی رێژیم سەردانی ئەو گوندەیان کرد، بەڵام لەگەڵ ناڕەزایەتیی توندی هاووڵاتییان بەرەوڕوو بوونەوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پێش‌نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٧ی رەشەمە، بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شارستانی سەوڵاوا، وەکوو فەرماندار، بەخشدار، بەرپرسی ئیدارەی جیهادی کەشاوەرزی، بەرپرسی ئیدارەی ژینگەپارێزی و بەرپرسی بونیادی مەسکەن، سەردانی گوندی \'\'دەرەکێ\'\'یان لە ناوچەی هەورامان کردووە و کۆبوونەوەیان بۆ خەڵک گرتووە کە لەگەڵ ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی ئەو گوندە بەرەوڕوو بوونەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو کۆبوونەوەیەدا هەر وەکوو جاران بەڵێنیی دابینکردنی ئاسایش و خزمەتگوزارییان بە هاووڵاتییان داوە کە لەگەڵ ناڕزایەتیی توندی هاووڵاتییان بەرەوڕوو بوونەتەوە.
بەوتەی ئەم سەرچاوەیە، پاش قسەکانی بەرپرسانی رێژیم یەکێک لە ئەندامانی شۆرای گوندی دەرەکێ بە نوێنەرایەتیی خەڵک قسەی کردووە و ناڕەزایەتیی خۆی و خەڵکی ئاوایی دەربڕیوە.
ئەو ئەندامەی شۆڕای گوند وتوویەتی: \'\'٣٦ ساڵ ماڵوێرانی، ٣٦ ساڵ کڵۆڵی و چارەڕەشی و ئاواریی، ٣٦ ساڵ گرانی و کوشتوبڕ و ئازاری هاووڵاتییان، تاقە بەرهەمی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بووە و هیچ خێر و قازانجێکمان لەم حکوومەت و دەسەڵاتەدا نەدیوە، بۆیە چیدیکە گوێمان لەم قسە و بەڵێنییانە پڕە و چاوەڕێی هیچ شتێک لەم دەسەڵاتە ناکەین.
ئەو ئەندامەی شۆرای گوندی دەرەکێ هەروەها روو لە بەرپرسانی شارستانی سەوڵاوا وتوویەتی: \'\'ئێمە حکوومەتی جمهووری ئیسلامیمان ناوێ و چیدیکە سەردانی ئەم ئاوایی‌یە مەکەن و ئێستاش سەری خۆتان داخەن و بە حورمەتەوە لە ئاوایی وەدەر کەون\'\'.
بەوتەی سەرچاوەکە قسەکانی ئەو ئەندامەی شۆرای گوندی دەرەکێ، بە چەپڵەی بەشدارانی کۆبوونەوە پێشوازیی لێ کراوە و هاووڵاتییان بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان بە فیکە کێشان و هۆراکێشان لە ئاوایی دەرکردووە.
سەردانی بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە گوندی دەرەکێ پاش ئەوە چەندین جووڵە و حەرەکەتی مەدەنی وەکوو \'\'سەرتاشینی مامۆستا عەلی محەممەدیان و شکاندنی چەکی ئەحمەد عەزیزی\'\' هاتووەتە ئاراوە.
\'\'محەممەد عەلی محەممەدیان\'\' مامۆستا پۆلی دووی قوتابخانەی شێخ شەڵتووتی شارستانی مەریوان کە ماوەیەک پێش ئێستا قژی سەر خۆی بە نیشانەی هاودەردی لەگەڵ قوتابییەکی \'\'ماهان\'\' کە تووشی نەخۆش شێرپەنجە ببوو، تاشی و هەروەها \'\'ئەحمەد عەزیزی\'\' بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ سروشت چەکەکەی خۆی شکاند، لە رێوڕەسمێکدا گوندی زێدی خۆیان واتە ئاوایی \'\'دەرەکێ\'\' بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر رێزیان لێ گیرا.