کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی پێوەندییەکانی حیزب لە کۆنگرەی ئەمریکا

14:39 - 28 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: یەکێک لە هاوکارەکانی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەردانی کۆنگرەی ئەمریکای کرد و لەگەڵ دوو ئەندامی پایەبەرزی ئەو کۆنگرەیە کۆبووەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ئارش ساڵح هاوکاری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، سەردانی کۆنگرەی ئەمریکای کرد و لەگەڵ \'\'لاورێن شاپیرۆ\'\' ئەندامی یاریدەدەری کۆنگرە و \'\'کاتلین سێنگستۆن\'\' راوێژکاری کۆنگرە، دیداری پێکهێنا.

ئەم چاوپێکەوتنانە بە مەبەستی شیکردنەوە و ناساندنی را و بۆچوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران بە لایەنە پێوەندیدارەکان لە ئەمریکا ئەنجام درا.

ئارەش ساڵح سەرنجی ئەو لایەنانە بۆسەر خوێندنەوەی حیزب لە بارودۆخی مافی مرۆڤ و هەروەها هاوکێشە سیاسییەکانی نێوخۆی ئێران و ناوچە راکێشابوو.

ساڵح لەم چاوپێکەوتنانەدا پەڕژایە سەر ئەوە کە زۆربەی هەرە زۆری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بەرەوڕووی نەتەوە بندەستەکانی ئێران دەبێتەوە، کەچی راپۆرتەکانی مافی مرۆڤ لە ئەمریکا و دنیای ئازاددا ئەم راستییە بە شێوەی پێویست لەبەرچاو ناگرن.

پێویستیی پشتیوانی کردنی ئوپۆزیسیۆنی دیمۆکراتیک، تەوەرێکی دیکە بوو کە باسی لەسەر کرا. ساڵح لەم کۆبوونەوانەدا باسی لەوە کرد کە ئەمریکا بە پشتیوانی لە نەتەوەکانی ئێران وەکوو بەشێکی هەرەگرینگ لە ئوپۆزیسیۆنی دێموکراتیک، دەتوانێت بە باشترین شێوە بەرەوڕووی مەترسییە ئەمنیەکانی ئێران ببێتەوە.

ساڵح لەو چاوپێکەوتنانەدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە نەتەوەی کورد وەکوو گەلێک کە خاوەنی مێژوویەکی دوور و درێژی خەبات لە پێناو مافەکانی خۆیەتی، هەڵگری بەهای هاوبەشە لەگەل دنیای دێموکرات و ئازاد.

بارودۆخی ئێستای عێراق پێگەی بەهێزی کورد لە کایە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە لەمەڕ پەرەپێدانی بەها دێموکراتییەکان لە ناوجە و کاریکەریی لە سەقامگیری و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناڤین، بەشێکی دیکەی باس و بابەتەکانی ئەو کۆبوونەوەیەی پێکهێنابوو.