کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی ئەحمەدی نژاد بۆ پارێزگای ورمێ‌و فرت و فێڵەكانی بەرپرسانی رێژیم لەمەهاباد بۆ پێشوازیی كردن

15:46 - 15 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: لەبەرەبەریی سەردانی سەركۆماریی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ پارێزگای ورمێ‌و شارەكانی دەورووبەر، سەندێكای تاكسیدارن بە شێوەی زۆرەملێ‌بەشۆفێر تاكسییەكانیان وتووە، دەبێ‌تراكتی پێوەندیدار بە ئەحمەدی نژاد لە شیشەی ماشێنەكانیان بدەن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەماڵپەڕی كوردستان میدیا، سەندێكای تاكسیداران و رێكخراوی چاوەدێری بەسەر تاكسییەكانی شاری مەهاباد و دەورووبەریی، ژمارەیەك تراكتی پێوەندیدار بەسەردانی ئەحمەدی نژادییان بە زۆرەملێ‌بە شۆفێر تاكسییەكان داوە و پێیان وتوون دەبێ‌لەشیشەی ماشێنەكانیانی بدەن.
سەندیكای تاكسیداران بە خاوەن تاكسییەكانی شاری مەهابادییان وتووە: ئەگەر بێت و لەو بڕیارە سەرپێچی بكەن لەگەڵ سزا بەرەڕوو دەبنەوە.
لەلایەكی دیكەوە و چەند رۆژ لەمەوبەر ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ورمێ لەسەر بڕیاری پارێزگاریی شاری ورمێ‌بەسەرجەم قوتابخانەكانی راگەیاندبوو، كە دەبێ‌لە رۆژی هاتنی سەركۆماری رێژیمدا بەمەبەستی پێشوازی كردن ئامادە بن و لە هەر قوتابخانەیەك چەند كەسێك بۆ ئەو پێشوازی كردنە لەشوێنی دیاریكراوی بێت.
ئەمە لەحاڵێكدایە كە ماوەیەك لەمەوبەر ئەندامێكی هەیئەت رەئیسەی مەجلیسی رێژیمی ئێران رایگەیاندبوو، سەردانە ئوستانییەكانی سەركۆماری رێژیمی ئێران بەهۆی پێشوازی نەكردنی خەڵك، راگیراوە.
محەممەد دێهقان وتیشی: خەڵك لە كار و كردەوەكانی دەوڵەت دڵ سارد بوونەتەوە و چیدیكە پێشوازی لە ئەحمەدی‌نژاد ناكەن.