کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکەوتنی کۆماریخوازەکان لە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرەی ئامریکا

19:27 - 14 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: کۆماریخوازەکانی ئامریکا زۆرینەی کورسییەکانی سێنای ئەو وڵاتەیان بە دەست هێنا و هەر دوو مەجلیسی نوێنەران و سێنا کەوتنە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەو حیزبە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هەڵبژاردنەکانی نێودەورەیی کۆنگرەی ئامریکا کە تێیدا ٣٦ کورسی سێنا و سەرجەم ٤٣٥ کورسیی مەجلیسی نوێنەران دیاری دەکرێت، کۆتایی پێهات.

11322.jpg

کۆنگرە لە دوو بەشی سێنا و مەجلیسی نوێنەران پێکهاتووە و ژمارەی نوێنەرانی سێنای ئامریکا لە ١٠٠ کەس (دوو کەسی سەربەخۆ) پێک دێت و هەر ویلایەتێک بەبێ جیاوازیی گەورەیی یان بچوکی دوو نوێنەری لە سێنا دەبێت کە سێناتۆرەکان بۆ ٦ ساڵ هەڵدەبژێردرێن و ئەندامەتی ئەو کەسانە هیچ بەرتەسکیەکی نییە.

هەواڵدەریی دەنگی ئامریکا لەو پەیوەندییەدا بڵاو کردەوە، پاڵێوراوانی حیزبی کۆماریخوازی ئامریکا لە هەڵبژاردنەکانی نێودەورەیی کۆنگرەی ئەو وڵاتە کە رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی بەڕێوە چوو بە زۆرینەی دەنگ بە سەر دێموکراتەکان‌دا سەرکەوتن.

11323.jpg

بەپێی ئەو راپۆرتە، پاڵێوراوانی کۆماریخوازی مەجلیسی سێنا لە ویلایەتەکانی ویرجینیای رۆژئاوا، ئارکانزاس، داکوتای باشوور، مۆنتانا و کۆلۆرادۆ لەلایەن بە زۆرینەی دەنگی هاووڵاتییان سەرکەوتنیان بەدەست هێنا و کورسییەکانی مەجلیسی سێنایان بۆ خۆیان مسۆگەر کرد.

لە دەوری پێشووی هەڵبژاردنەکانی کۆنگرەی ئامریکا، کۆماریخوازەکان بە وەدەست هێنانی٢٣٣ کورسی لە بەرانبەر ١٩٩ کورسی دێموکراتەکان، مەجلیسی نوێنەرانی بە دەستەوە گرت، بەڵام لە سێنا دێموکراتەکان بە ٥٥ کورسی لە بەرانبەر ٤٥ کورسیی کۆماریخوازەکان زۆرینە بوون.

بە سەرنجدان بە ئاکامی ئەو خولە لە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرەی ئامریکا، دێموکراتەکان بە لە دەستدانی لانیکەم ٦ کورسی لە سێنا بوونە حیزبی دووهەمی سێنا و هەنووکە کۆمارێخوازەکان زۆرینەی مەجلیسی سێنایان پێک هێناوە.

دەستپێکی کاری کۆنگرەی نوێ، رێکەوتی ١ی ژانویەی ساڵی تازەی زایینی دەبێت و ئێران و گرووپی ١+٥ هەتا ٢٤ی نوامبر ئەو دەرفەتەیان هەیە کە لە دانوستانەکان بە ئاکام بگەن.

11321.jpg

خولی داهاتووی دانوستانەکانی گرووپی ١+٥ لەگەڵ رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سەر پرۆگرامی ناوکی ئەو وڵاتە رێکەوتی ٢٠ی ئەم مانگە لە مسقەتی پێتەختی وڵاتی عومان بەڕێوە دەچێت و شوێنی دانیشتنی داهاتوویش دیاری دەکرێت.

دوایین دەرفەت بۆ دەستپێڕاگەیشتنی دوو لایەن بە رێکەوتنی ناوکی رێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی دەبێت.

کۆنترۆڵی کۆماریخوازەکان بە سەر سێنای ئامریکا، لە سەرسیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە هەمبەر پرسە جۆراوجۆرەکان وەکوو دۆسیەی ناوکی ئێران، بەرەنگاربوونەوەی داعش و ئاڵوگۆڕە نێوخۆییەکانی سووریە و ئوکراین و پرسەکانی دیکە گۆڕانکاری و کاریگەری دەبێت.