کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەرانی رێكخراوەكانی لاوانی چوار پارچەی كوردستان كۆبۆوە

22:14 - 9 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەلاحەدین لەگەڵ نوێنەرانی رێكخراوەكانی بەشدار بووی سێهەمین كۆنفرانسی لاوانی هەر چوار پارچەی كوردستان چاوپێكەوتنی پێك هێنا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لە دیدارەكەدا كە شاندیكی یەكیەتی لاوانی دێمۆكراتی كوردستانی ئیران بە سەرپەرستی فواد خاكی بەیگی سكرتێری یەكیەتیی لاوان بەشدار بوو، سەرەتا ئومێد خۆشناو سكرتێری لاوانی دێمۆكراتی كوردستان بە ناوی بەشداربووانی كۆنفرانسەكە سوپاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەو پەیامەی كە پێشكەشی كۆنفرانسەكەی كردبوو و پاشان بڕیار و راسپاردەكانی سێهەمین كۆنفڕانسی لاوانی هەر چوار پارچەی كوردستان و داواكاری و پێداویستییەكانی نیشتەجێبووانی كەمپی دومیزی راگەیاند.
بەرێز بارزانی دەستخۆشی بەستن و پیرۆزبایی سەركەوتنی سێهەمین كۆنفڕانسی لێكردن و وتی: پێویستە هەموو لاوان بە بیری نەتەوەیی ئاشتیخوازی‌و دێمۆكراتیانەی دوور لە رەگەزپەرستی پەروەردە بكرێن. هەروەها ئاماژەی بە قوربانی و مەینەتییەكانی گەلی كورددا و ئەوەشی خستە روو:‌گەلی كورد قوربانی زۆری داوە و رێگەی زۆریشی بڕیووە، ئەو قوربانیانەی گەلی كورد داویەتی بەشی دە دەوڵەتی سەربەخۆیە.

مەسعوود بارزانی لەو باوەڕەدابوو، گەلی كورد سەرەڕای نەهامەتییەكان توانی خۆڕاگر بێت و ناسنامەی نەتەوەیی خۆی بپارێزێ و ئێستاش گەیشتۆتە قۆناغی خەباتی ئاشتی و دێمۆكراسی، و تەنیا بەو رێگەچارەیە دەسكەوتەكان گەورەتر و پڕ بەهاتر دەبن.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە تەوەرێكی دیكەدا بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی بە بەشداری هەموو لایەنەكان بۆ قۆناغی ئێستا بە پێویست زانی .