کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارستانی سەوڵاوا، تێرمیناڵی گواستنەوەی نییە

14:22 - 20 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: شارستانی سەوڵاوا ماوەی ١٣ ساڵ دەبێت کە بە شێوەی فەرمی وەک شارستان ناسێندراوە بەڵام ئێستایش لە تێرمیناڵی گواستنەوە بێ‌بەشە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، نەبوونی تێرمیناڵ لە شارستانی سەوڵاوا بووەتە هۆی سەرلێشێواوی هاووڵاتییانی ئەم شارە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەو هاووڵاتییانەی کە بیانهەوێ لە سەوڵاواوە بۆ شارەکانی دیکەی پارێزگای سنە یان شارەکانی دیکەی وڵاتی ئێران بڕۆن، دەبێ لە مەریوان بلیت وەربگرن و لەوێوە بەڕێ بکەون کە تێچوویەکی زۆری بۆ ئەو کەسانە دەبێت.

هەر لەم پێوەندییەدا، هاوشێوەی ئەم کێشە وگرفتانە بە شارستانەکانی مێهران، بەدرە و مەلەکشایی پارێزگای ئیلامەوە دیارە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هاووڵاتییانی دانیشتووی مەلەکشایی تەنانەت لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی خزمەتگوزاری، لەشساغی و دەرمانی بێ بەشن.

رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی ٩ی پووشپەڕی ١٣٩٢ی هەتاوی، شاری بەدرە دوای ماوەیەک بەدواداچوونی نوێنەری پێشوی خەڵکی دێهلوران، دەڕە شار و ئابدانان لە کۆبوونەوەی شاندی دەوڵەتی رێژیمی ئێران بە شێوەی فەرمی بە شارستان ناسێندرا.

٢٠ هەزار دانیشتووی ئەم شارە چاوەڕوانی ئەوە بوون کە بارودۆخی بەدرە بەرەو باشی بچێت بەڵام کێشەی سەرەکی ئەم شارستانە نەک هەر کەم نەبووە بەڵکو هەڵکشانی بەخۆوە بینیوە.