کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە کۆڕی پرسە و سەرەخۆشی ئیسمایل ئاغا ئیلخانیزادە لە سوید بەشداریی کرد

22:59 - 11 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید لە کۆڕی پرسە و سەرەخۆشیی ئیسماعیل ئاغای ئیلخانیزادەدا بەشداری کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی بە بۆنەی کۆچی دوایی ئیسمایل ئاغا ئیلخانیزادە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە شاری ستۆکهۆڵمی وڵاتی سوید کۆڕێکی پرسە و سەرەخۆشی بە بەشداری عومەر ئیلخانیزادە بەڕێوەبرد.

پاش ڕاگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان، ناسر حیسامی وتەیەکی پێشکەش کرد.

ناوبراو لە قسەکانیدا هێمای بە کورتەیەک لە قسەکانی ئیسمایل ئاغا ئیلخانیزادە لە سەردەمی کۆماری کوردستان و یەک دوو بابەتی ناوبراو لە ڕۆژنامە کوردستانی ئەو کاتدا کرد.

دواتر عومەر ئیلخانیزادە وەک کوڕی ئیسمایل ئاغای ئیلخانیزادە وتارێکی پێشکەش کرد و لە قسەکانیدا پاش باسکردن لە ژیانی ئیسمایل ئاغای باوکی، تیشکی خستەسەر کۆماری کوردستان و دەستکەوتەکانی و گوتی چاوەشەکاران و دوژمنانی کورد بۆ بچووک کردنەوەی کۆمار، دەڵێن کۆماری مەهاباد، لەحاڵەتێکدا بە زمانەکانی فارسی، عەرەبی و کوردی و لە نووسراوەکانی ئەودەمیشدا بە جمهورییەتی کوردستان نووسراوە و ناودێڕ کراوە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، لەسەر یەکگرتن و یەکدەنگی حیزبە کوردییەکان، بەتایبەت کوردستانی ڕۆژهەڵات قسەی کرد.

لەو کۆڕەی پرسە و سەرەخۆشییەدا شاندی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید، وێرای مامۆستا مەلا حەسەن شیوەسەڵی ئەندامی ئیفتخاریی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات، بەشداری کرد و بەو بۆنەیەوە پرسەنامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن محەممەد ئەحمەدی خوێندرایەوە.

پاشان چەند پەیامی سەرەخۆشی خوێندرانەوە و دواتر کورتە فیلمێک لەسەر کۆماری کوردستان و دەستکەوتەکانی کۆمار و کەسایەتی پێشەوای نەمر پێشان درا.