کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەهید بوونی ٧٢٧ پێشمەرگە لە ماوەی شەش مانگه‌ی شەڕی داعش

20:32 - 19 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: لە ماوەی شەڕ و خەباتی قارەمانانەی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دژی داعش و بەرگری لە سنوورەکانی کوردستان کە هەنووکە پێی ناوەتە ٧مین مانگی خۆی، هەتا ئێستا ٧٢٧ پێشمەرگە شەهید کراون.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و بە پشت‌بەستن بە راگەیەندروای وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای هێرشی گرووپی تێرۆریستی داعش بۆ سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، هەتا ئێستا ٧٢٧ پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان چوونەتە کاروانی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان.

لە بڕگەی زەمەنیی، رێکەوتی ٢٠ی جۆزەردان هەتا رێکەوتی ١٩ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، ٣ هەزار و ٥٦٤ پێشمەرگەی کوردستان کە بۆ بەرگری لە خاکی کوردستان لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لە شەڕ دژی گرووپی تێرۆریستی داعش شەڕیان کردووە، بریندار کراون.

لە راگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە کە ٣٤ پێشمەرگەی کوردستان لەو ماوەیەدا بێ سەروشوێن بوون.

هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان هەنووکە شان بە شانی شەڕڤانانی کورد لە کۆبانێ بەدژی داعش شەڕ دەکەن و بۆ بەرگری لە کۆبانێ لەگەڵ خەباتگێڕانی کوردستانی سووریە بۆ پاراستنی سنوورەکانی کوردستان، هاوکاری دەکەن.

هێرشی هێزەکانی گرووپی تێرۆریستی داعش بۆ سەر کۆبانێ لە رێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی دەستی پێکردووە و ئێستا پێی ناوەتە چوارمین مانگی خۆی.

بەپێی ئاماری چاودێری مافی مرۆڤی سووریە لە ماوەی دوو مانگی سەرەتای بەرگری شەڕڤانانی کورد لە کۆبانێ ٣٩، کەس لە بەرگریکارانی کورد شەهید کراون و ئاماری سێهەمین مانگ لەو پەیوەندییەدا بڵاو نەکراوەتەوە.