کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلی دەسبەسەرکران لە کوردستانی رۆژهەڵات بەردەوامە

14:47 - 13 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: پاش سێ مانگ هەواڵی دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی سەردەشتی، چارەنووسیان ناڕوونە و هاوکات مەلایەکی ئایینیی کوردیش پاش دەسبەسەر کران راپێچی بەندیخانە کرا.


ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردەوە، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت بەناوەکانی \'\'ئومێد بەیگ‌زادە و ناسر کەریمی\'\' کە ٣ مانگ پێش ئێستا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوون، سەرەڕای بە دواداچوونی بنەماڵەکانیان، لە چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو دوو هاووڵاتییەیان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردیی دژبەری رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەسبەسەر کردووە و هەروەها هیچ زانیارییەکیشیان لە چارەنووس و شوێنی راگیرانیان نەدرکاندووە.
لەو پێوەندییەدا کەمپەینی بەرگری لە زیندانییانی سیاسی و مەدەنی بڵاوی کردووەتەوە، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی \'\'باوەرێز\'\'ی سەربە شاری سنە بەناوی \'\'فەرزاد حاجی میرزایی\'\' تەمەن ٣٠ ساڵ و کوری عەبدوڵڵا کە دوو حەفتە پێش ئیستا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سنەوە دەسبەسەر کرابوو، لە چارەنووس و شوێنی راگیرانی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

7398.jpg
هاشم حوسێن پەناهی بەرپرسی دەفتەری موفتی و وانەبێژی قوتابخانەی ئیمام بوخارای شاری سنه


لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕی فەرمیی مەکتەب قورئانی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، هاشم حوسێن پەناهی بەرپرسی دەفتەری موفتی و وانەبێژی قوتابخانەی ئیمام بوخارای شاری سنه رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٢ی سەرماوەزی ١٣٩٢ی هەتاوی پاش بانگهێشتن بۆ دادگای تایبەتیی مامۆستایانی ئایینیی تاران بە تۆمەتی بێ حورمەتی بە ئایینزای شیعە دەسبەسەر و راپێچی بەندی ٣٢٥ی بەندیخانەی ئەوین کرا.
ئەو چالاکە ئایینییە ساڵی پاریش لە رێکەوتی ١٢ی خەرمانانی ١٣٩١ بەهۆی ئەنجامدانی چالاکی تەبلیغی بۆ مەزهەبی سوننە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا و پاش یەک حەفتە لە دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی لە شاری تاران بە لێدانی ٣٠ زەربە قامچی و شەش مانگ زیندانیی تەعزیری سزا درا.
بەپێی ئاماری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەرەوە هەتا ئێستا ٢٤ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.