کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلی نوێی پارازیت شارستانی \"روانسەر\"یشی گرتەوە

16:02 - 15 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: لە دوو حەفتەی رابردوودا بڵاوکردنەوەی شەپۆلێکی نوێی پارازیت لە شاری روانسەر، ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی لێ کەوتووەتەوە.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، بڵاوکردنەوەی ئەو شەپۆلەی پارازیت بۆسەر تەلەفزیۆنە ماهوارەیی‌یەکان، زیاتر کاناڵە کوردییەکانی گرتووەتەوە و رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەو شێوەیە دەیهەوێ پێش بە بڵاوبوونەوە بەرنامەی ئەو تەلەفزیۆنانە بگرێت.
لەم پێوەندییەدا \'\'مەلا غەفووری\'\' پێشنوێژی هەینیی شاری روانسەر لە وتاری رۆژی هەینیی حەفتەی رابردوودا، لۆمەی هاووڵاتییانی شاری روانسەر لەمەڕ بەکارهێنانی ماهوارە کردبووە.
بەپێی ئەم راپۆرتە لە رۆژانی شەممە و یەکشەممەی حەفتەی رابردوو، هێزەکانی رێژیم دەیان دەزگای وەرگری شەپۆلی ماهوارەیان لە گوندەکانی \'\'حەسەن ئاوا، قەڵای رەزا و گورگاوی\'\' زەوت کردووە و بە دانیشتوانی ئەو ناوچەیەشیان راگەیاندووە، لە ئەگەری بەکارهێنانەوەی ماهوارە دەسبەسەر دەکرێن.
لە چەندین رۆژی رابردوودا راپۆرت‌گەلێک لەپێوەندی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی شەپۆلی پارازیت لە شارەکانی قوروە، ئورمیە و سەڵماس، لە کوردستان میدیا بڵاو کراوەتەوە.
بڵاوکردنەوەی شەپۆلی پارازیت کاریگەریی زیانباری بەسەر سڵامەت و تەندروستیی بەرکەوتوان و بەتایبەت لە بوارەکانی پشێویی ژێنێتیکی و لە ئەنجامدا لەبار برانی ئاولەمە (سقط جنین)، شێرپەنجە و نازایی بە دواوە دەبێت.