کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕ و پێكدادانەكان لەسووریە بەمەبەستی كۆنترۆڵی شاری ستراتیژیی قەسیر بەردەوامە

23:20 - 4 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: هێزەكانی رێژیمی سووریە و ئەرتشی ئازاد شەڕێكیان بەمەبەستی بەدەستەوە گرتنی كۆنترۆڵی شاری قەسیر لەرۆژئاوای سووریە دەست پێ‌كردووە.
چالاكانی مافی مرۆڤی سووریە بڵاویان كردەوە، هەنووكە كۆنترۆڵی بەشێك لەشاری قەسیر لەسووریە لەدەستی ئەرتشی ئازاد دایە و هێزەكانی رێژیمی سووریە بەمەبەستی بەدەستەوە گرتنی كۆنترۆڵی شارەكە دەستیان بە تۆپباران كردووە.
چالاكانی مافی مرۆڤ ئەوەشیان خستۆتە روو، هێزەكانی حیزبوڵڵاش شانبەشانی چەكدارانی رێژیمی سووریە بەدژی ئەرتشی ئازاد لەشەڕدان.
هەر لەو پێوەندییە هەواڵدەریی فەرانسە بڵاوی كردبۆوە، نزیك بە ١٠٠ كەس لەچەكدارەكانی حیزبوڵڵای لوبنان لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا لەشەڕ لەگەڵ ئەرتشی ئازاد كوژراون.
لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەیەك لەناو حیزبۆڵڵاوە بە هەواڵدەریی روێتێرزی راگەیاندبوو ، نزیك بە ٧٥ چەكداری ئەو گرووپە لە شاری قەسیر كوژراون.
شاری قەسیر لە ١٥٠ كیلۆمیتری باكووری دیمەشق هەڵكەوتووە و بۆ ئەرتشی ئازاد و رێژیمی سووریە گرینگیەكی ستراتیژی هەیە.
بەشداری حیزبوڵڵا لەشەری سووریە لەكاتێكدایە كە، ١١ وڵاتی جیهان پاش كۆتایی دانیشتنی دۆستانی سووریە لەئوردون لە بەیاننامەیەكدا داوایان لەرێژیمی ئیسلامیی ئێران و حیزبوڵڵا كردووە كە هێزە نیزامییەكانیان لەسووریە بكشێنەوە.
لەبەیانییەكەدا باس لەوە كراوە هەر چەندە رێژیمی ئێران بەبەردەوامی نكۆڵی لەبوونی هێزەكانی لە خاكی سووریەدا كردووە، بەڵام هێندێ ‌بەڵگەمان لەبەردەست دایە كە ئێران لەسووریە حوزووری نیزامی هەیە.