کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی ناوخۆیی سووریە کوژرانی ١١ هەزار منداڵی لێکەوتووەتەوە

16:04 - 4 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: بەپێی لێکۆڵینەوەکان و راپۆرتە بڵاوکراوەکانی گرووپێکی توێژینەوەی بریتانیایی، ژمارەی منداڵانی کوژراوی شەڕی سووریە زیاتر لە ١١ هەزار کەسی تێپەڕ کردووە.


رادیۆ فەردا لە زاری گرووپی توێژینەوەی ئاکسفۆردی بریتانیا، بڵاوی کردووەتەوە لەسەدا ٧٠ی ئەو منداڵانەی کەلە شەڕی سووریەدا کوژراون بەهۆی تەقینەوە، بۆمباران و مووشەکباران کردن و هەروەها تەقەی راستەوخۆی تەک تیرهاوێژەکان و لەسێدارەدان، گیانیان لە دەست داوە.
ئاوارەیی یەک میلیۆن منداڵی سووری و کوژرانی ١١ هەزار منداڵ لە شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتە، نیگەرانیی ژمارەیەک لە رێکخراوەکانی داکۆکیکار مافی مرۆڤ و منداڵانی، لێکەوتووەتەوە.
ئاژانسی پەنابەرانی رێکخراوی نەتەوەی یەکگرتووەکان و یوونیسێف پێشتر بڵاوی کردبووەوە، یەک میلیۆن منداڵی سووری پاش شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتە ئاوارەی وڵاتانی بیانی بوون.
کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای پژڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە رایگەیاندووە: تەمەنی لەسەدا ٧٥ی منداڵە ئاوارەکانی سووریە لە خوارەوەی ١١ ساڵ دایە.
لەم پێوەندییەدا هەواڵدەریی ئاسۆشەیتێد پرێس بڵاوی کردووەتەوە، لە کاتی دەسپێکی نائارامییەکانەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ٧ میلیۆن هاووڵاتیی سووری ئاوارە بوون کە ٢ میلیۆنیان پەڕیوەی وڵاتانی دراوسێ و ٥ میلیۆنی دیکەش لەنێو خۆی سووریەدا ئاوارە بوون و حاڵ و ماڵی خۆیانیان لە دەست داوە.
کۆمیساریای باڵای پەنابەران راشیگەیاندووە: منداڵان نیوەی پەنابەرانی سووری لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە پێک دەهێنن.
لەو پێوەندییەدا رێکخراوی فریاکەوتنی نێودەوڵەتی سەبارەت بە بارودۆخی منداڵان لە سووریە هوشداریی داوە و بە سەرنجدان بە ئاکامە خراپ و مەترسیدارەکانی شەڕی نێوخۆیی لەسەر منداڵان، خوازیاری پێڕاگەیشتن و گرینگدانی کۆمەڵگای نیودەوڵەتی بە منداڵانی ئەو وڵاتەیە، بەتایبەت ئەو منداڵانەی کە ئاوارە بوون و وڵاتی خۆیان بە جێ هێشتووە.
ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە بارودۆخی پەروەردە و بارهێنانی ئاوارەکانی سووریەی نالەبار وەسف کردووە و وەکوو بەشێکی سەرەکی و جێی بایەخی کۆمەڵگای جیهانی و رێکخراوەکان داکۆکاری مافی مرۆڤ زانیوە.
لە دەسپێکی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سووریەوە هەتا ئێستا، زیاتر لە ١٢٠ هەزار هاووڵاتیی سووری کوژراون.