کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فێڵ و تەڵەكەكانی رێژیم بۆ راكێشانی خەڵكی بۆسەر سەندووقەكانی دەنگدان، لەشاری شنۆ

23:13 - 23 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: بەرپرسانی رێژیمی ئێران بۆ راكێشانی خەڵكی بۆ سەر سەندووقەكانی دەنگدان، لەشاری شنۆ لە بنکە تەبلیغاتییەكان لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا سروودی كوردی و شێعری شاعیرانی كوردیان بڵاو كردۆتەوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا لەشاری شنۆ بەرپرسانی رێژیمی ئێران ئیزنیان بە دەست و پێوەندییەكانیان داوە كە ناوی شەهیدانی حیزبی دێمۆكرات بە مەبەستی راكێشانی خەڵكی بۆ بنکە تەبلیغاتی و سەر سەندووقەكانی دەنگدان، بهێنن.
بەوتەی هاووڵاتییەكی شاری شنۆ، لەهێندی لەبنكەكانی پاڵێوراواندا، بەڕێوەبەرانی ئەو شوێنانە سروودی كوردی و شێعرەكانی ناهید حوسێنی شاعێری كوردیان بڵاو كردۆتەوە.
ئەو هاووڵاتییە وتیشی: ئەو كارەی رێژیم تەنیا بۆ بازار گەرمی هەڵبژاردنەكانە، چونكە ماوەی دوو مانگ لەمەوبەر بەهیچ شێوەیەك ئیزنیان بەكەس نەدەدا لەو كارانە بكات.

ماوەی نزیك بە یەك مانگە لەشارەكانی كوردستان و تەنانەت شارەكانی ئێرانیش وەكوو تاران و تەورێز بەبەردەوامی چالاكی تەبلیغی بەنیشانەی بایكۆتی هەڵبژاردنەكان بەڕێوە چووە و ئەو هەوڵە لەگەڵ پێشوازی هاووڵاتیان بەرەوڕوو بۆتەوە.