کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابییانی مامۆستا عەلی محەممەدیان، سەری خۆیان تاشی

14:31 - 6 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: قوتابییانی پۆلی دووی قوتابخانەی شێخ شەڵتووتی مەریوان، بە نیشانەی هاوسۆزی لەگەڵ قوتابییەکی تووشبوو بە نەخۆشیی شێڕپەنجە سەریان تاشی.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کوردستان میدیا، پاش ئەوەی کە مامۆستا عەلی محەممەدیان مامۆستای فیداکاری مەریوانی سەری خۆی بە نیشانەی هاودەردی لەگەڵ قوتابییەکی بەناوی \'\'ماهان رەحیمی\'\' قژی سەری تاشی بوو، هاوپۆلەکانی \'\'ماهان\'\'یش خۆیان لەو ئەرکە مرۆیی‌یە بێ‌بەش نەکرد و لە هەوێستێکی مرۆڤدۆستانەدا سەری خۆیان تاشی.
ماوەیەک پێش ئێستا وێنەیەک لە مامۆستا عەلی محەممەدیان و ماهان بە سەرتاشراوی لەسەر لاپەڕی فەیس‌بووکی ئەو مامۆستایە بڵاوبووەوە، مامۆستا عەلی نووسیبووی: \'\'سەری من و ماهان حەساسیەتی بە مووە\'\'، بۆیە سەری خۆمانمان تاشیوە.
مامۆستا عەلی محەممەدیان لەو بارەوە دەڵێ، ماهان بەهۆی نەخۆشی و ئەنجامدانی شیمی دەرمانی بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکەی، تووشیی وەرینی قژی سەری ببوو، کە ببووە جێی گاڵتەی هاوپۆلییەکانی و ئەوەش منی ئازار دەدا، بۆیە بڕیارمدا بۆ هاودەردی لەگەڵ ئەو منداڵە سەری خۆم بتاشم.
مامۆستا دەڵێ: پاش ئەوەی کە من سەری خۆمم تاشی قوتابییەکانیش داوایان کرد کە سەری خۆیان بتاشن، بەڵام من بەهۆی سەرما و سۆڵە پێشگیریم لە سەرتاشینی هاوپۆلەکانی ماهان کرد.
قوتابییانی هاوپۆلی ماهان رەحیمی لە ئەنجامدا بە بێ لەبەرچاوگرتنی سەرما و سۆڵە ئەو هەڵوێستەیان گرت و پاش ئیزنی مامۆستاکەیان و باوک و دایکیان، بەنیشانەی هاوسۆزی لەگەڵ ماهان سەری خۆیان تاشی\'\'.
هەنووکە دۆخی دەروونی ماهان باشتر بووە و پزیشکان دەڵێن ئەو هاوسۆزییەی مامۆستاکان و هاوپۆلەکانی، کاریگەریی ئەرێنیی لە چارەسەریی پزیشکی ماهاندا دەبێت.