کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قورستربوونی گوشارەکان بۆ سەر هاووڵاتییان لە کوردستان/ دەستبەسەرکرانی ١٥ هاووڵاتیی کورد لە رەبەت

20:26 - 19 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی کورد سەبارەت بە کردەوەی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامی دەستبەسەرکرانی ١٥ هاووڵاتیی کوردی لە شاری رەبەت بەدواوە بوو.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوا نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٨ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، گرووپێکی نیزامیی تایبەتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کە لە شاری سەردەشت بە مەبەستی پشکنینی دووکانی هاووڵاتییانی کورد بۆ شاری رەبەت بەڕێ کرابوون لەگەڵ دووکاندارانی کورد تووشی تێکهەڵچوون هاتن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردستان میدیای راگەیاند: هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران کە لە شاری سەردەشت بۆ رەبەت رەوانە کرابوون ئەنبار و دووکانی هاووڵاتییانی کوردیان پشکنیوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە درێژەدا جەختی کردەوە کە هێزەکانی رێژیمی ئێران بە بیانووی راگرتنی ماهوارە لە دووکان و ئەمبارەکان، دووکانی هاووڵاتییان پشکنیبوو، بەڵام دوای ئەوەی کە هیچ ماهوارەیەکیان دەست نەکەوت، دەستیان بە سەر کەلوپەلی هاووڵاتییاندا گرت.

بەپێی ئەو راپۆرتە، دوای هەوڵی هێزەکانی رێژیمی ئێران بۆ دەستبەرداگرتنی کەلوپەلی هاووڵاتییانی کورد لەگەڵ دژکردەوەی هاووڵاتییانی کورد بەرەوڕوو بوونەوە و تێکهەڵچوون هاتە ئاراوە، ١٥ هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کراون.

هەر لەو پەیوەندییەدا لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە بیانووی جۆراوجۆر وک کۆکردنەوەی ماهوارە و چەکی نایاسایی بە شێوەی نایاسایی لە سایین‌قەڵا هێرشیان کردوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییانی کورد و ماڵی هاووڵاتیانی کوردیان پشکنیوە.

دوای هەڵوێستە نەتەوییەکانی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ئێران و پشتیوانی هەمەلایەنەی هاوولاتییانی کورد لە شنگال وکۆبانێ کە دەنگدانەوەی جیهانی هەبوو، رێژیمی ئێران لە هەوڵی ئەودا بووە کە ترس و دڵەڕاوکە بخاتە نێو خەڵکی کوردستان.

هەر لەو ماوەی دواییدا، هیزەکانی رێژیمی ئێران بە مەبەستی تۆقاندنی هاووڵاتییان لە کوردستانی ئێران، سەرەرای توندوتۆڵکردنی فەزای ئەمنییەتی لە کوردستان دەیان هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر و بانگهێشت کردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا رۆژی هەینی رێکەوتی ١٤ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی، سێ لاوی دانیشتووی گوندی کێلە کەوو سەر بە شاری دیواندەرە لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامی دەستبەسەر کران.

هەروەها ناوەندە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری سەقز بە درووستکردنی فەزایەکی ئەمنییەتی جگە لە لێپێچینەوەی هاووڵاتییان، چاودێریی کاروبار و هاتوچووی رۆژانەیان دەکەن.