کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوێكی پایەبەرزی رێژیمی ئێران: دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی لە عێراق رێگا پێدراو نیە

22:51 - 9 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: جێگری وەزیری دەرەوەی رێژیمی ئێران رایگەیاندووە، دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی لەعێراق ئیمكانی نیە و حكوومەتی بەغداش رێگا بە دامەزراندنی نادات.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان جێگری وەزیری دەرەوەی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەلێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی یەنی شەفەق وتوویەتی: كێشەكانی نێوان شیعە و سوننی لەعێراق رێگا نادەن كە دەوڵەتێكی كوردی لەهەرێمی كوردستان دابمەزرێت و وتیشی: بەرای ئێمە ئەو كێشانە بەم نزیكانە چارەسەر ناكرێن.
ئەو لێپرسراوەی رێژیمی ئێران سەرەڕای بە كەم گرتنی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستۆتە روو، كە حكوومەتی بەغدا لەماوەی دە ساڵی رابردوودا هەنگاوی زۆر باش و جیدی لەپێناو دێمۆكراسیدا هەڵێناوەتەوە.
ئەو قسانە لەحاڵێكدان كە رێكەوتی ٣‌ی بانەمەڕ لەئەنجامی هێرشی هێزەكانی سوپای عێراق بۆ سەر خۆپیشاندەرانی سوننی مەزهەبی شاری حەویجە لەپارێزگای كەركووك ٢٠٠هاووڵاتیی بوونە قوربانی و هێندێ‌سەرچاوەش باس لە دەست تێدا بوونی رێژیمی ئێرانیان لەو كوشتارەدا كردبوو.


لەو پێوەندییەدا وەزیری سوننی مەزهەبی پەروەردە و بارهێنانی عێراق لەلێدوانێكدا بۆ كاناڵی ئەلجەزیرە ئاشكرای كردبوو، لەناو هێزەكانی سوپای عێراقدا كە هێرشیان كردۆتە سەر خۆپیشاندەران هێندێ‌كەس هەبوون كە بە زمانی فارسی قسەیان كردووە و ئەگەری ئەوە لەئارادایە سەر بە رێژیمی ئیسلامیی ئێران بن.
رێكەوتی ٣‌ی بانەمەڕ خۆپیشاندەرانی ناڕازی شاری حەویجە لەحكوومەتی نووری مالكی لەلایەن سوپای عێراقەوە هێرشیان كرایە سەر و لەئەنجامدا ٥٠ هاووڵاتیی كوژران و ١٥٠‌ی دیكەش بریندار كران.