کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێکچەرێک بۆ لوقمان ئەحمەدی لە زانکۆی ئۆپسالا بەڕێوەچوو

13:09 - 3 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، لێکچەرێکی لە زانینگەی ئۆپسالای وێاتی سوێد بەڕێوەبرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٢ی هەتاوی، رێکخراوی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتی زانکۆی ئۆپسالا لە وڵاتی سوێد لێکچەرێکی بۆ \'\'لوقمان ئەحمەدی\'\' ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەبرد.
خوێندنەوەی حیزبی دێموکرات لەسەر سیاسەتەکانی رێژیمی ئیسلامی لە نێوخۆی ئێران، سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین و بنەمای تاکتیک و ستراتژیی پێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دونیای دەرەوە، سێ تەوەری سەرەکیی باسی ئەو لێکچەرەیان پێکهێنابوو.
ئەحمەدی گوتی: کۆماری ئیسلامی لە کاتی هاتنە سەرکاریەوە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ تاکوو ئێستا هەم لە ئاستی سیاسەتی نێوخۆ و سیاسەتی ناوچەی و دەرەوەی وڵاتی ستراتژیەکی دووفاقی گرتووەتە بەر بۆ مانەوەی خۆی و زیادکردنی دەسەڵات و پێگەی خۆی.
لە ئاستی سیاسەتی ناوچەیی‌دا کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە لە رێگای دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دراوسێ، پشتیوانی لە لایەنە توندڕەوەکان و دروست کردنی ناسەقامگیریی ئەمنیەتی، پێگە و دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین بەهێزتر بکا. هاوکات لەگەڵ ئەم کردارانە، کۆماری ئیسلامی بۆ نموونە هەوڵ دەدا خۆی وەکوو پشتیوانی سەرەکی فەڵەستینییەکان نیشان بدا، ئەمەش بۆ ئەوە بتوانێ نفووزی و پێگەی خۆی زیاد بکا لە نێو خەڵکی ئاسایی وڵاتانی عەرەبیدا. بەڵام لە هەمان کاتدا بە توندترین شێوە مافەکانی عەرەبەکانی نێوخۆی ئێران پێشێل دەکا.
لە ئاستی پێوەندیی دەرەوی وڵاتدا هەر کاتێک کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گوشار دەخاتە سەر کۆماری ئیسلامی لەسەر پرسی بەرنامەی ناوەکی یان پرسێکی دیکە، کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات لە رێگای گۆڕینی مۆرەکانی نێو دەسەڵاتی خۆی، وەکوو سەرکۆمار، روانگەیەکی نەرمتر لە خۆی نیشان بدا بۆ ئەوە بتوانێ پرۆسەی دانوستاندن لەگەڵ کۆمەڵگای نێونەتەوەی دەست پێ بکا بۆ لابردنی ئەو گوشارە.
نموونەی زۆر هەن لەم پێوەندیەدا، لە نێوان ساڵەکانی ١٩٨٩ تا ١٩٩٧ کۆماری ئیسلامی هەوڵی دا رەفسەنجانی بە دونیای دەرەوە وەکوو کەسێکی میانەڕەو بناسێنێت و ئەمەش بووە بنەمای پرۆسەی وتوێژی لەگەڵ وڵاتانی ئورووپا بە ناوی دیالۆگی ڕەخنەگرانە، بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەوە پرۆسەی دیالۆگی رەخنەگرانانە بەڕێوە دەچوو کۆماری ئیسلامی بە هەزاران کەسی لە نێوخۆی ئێران ئیعدام و زیندانی دەکرد و لە نێو خاکی ئورووپا نەیارانی خۆی تیرۆر دەکرد و دوو رێبەری کورد و سکرتێری حیزبی دێموکراتیش لە ساڵەکانی ١٩٨٩ و ١٩٩٢ لە وڵاتی ئۆتریش و ئەڵمان تیرۆر کران.
لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٧ تا ٢٠٠٢ پرۆسەیەکی دیکەی دانوستاندن لە نێوان وڵاتانی ئەورووپا و ئێران بەڕێوەچوو بە ناوی دیالۆگی هەمەلایەنە، ئەم دانوستانانە لە کاتی سەرکۆماری خاتەمی بەڕێوەچوون. کۆماری ئیسلامی دووبارە کەسێکی دیاری کردبوو وەکوو سەرکۆمار کە بەناو رێفۆرمیست بوو و ئامادەی چارەسەریی کێشەکانیان لەگەڵ دونیای دەرەوە هەبوو. لەم ماوەیەدا لە ئاستی سیاسەتی نێوخۆدا کۆماری ئیسلامی درێژەی بە زیندانی کردن و ئیعدامکردنی نەیارانی خۆی دا. بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٢ بەرنامەیەکی نهێنیی ناوکیی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا کرا و پرۆسەی دیالۆگی هەمەلایەنە کۆتایی پێ هات.
لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٥ تا ٢٠١٢ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی چەندین گەمارۆی ئابووری و نەوتی بەسەر ئێراندا پەسند کرد و ئەمەش بووە هۆی ئەوە کە فشارێکی یەکجار زۆر بخرێتە سەر کۆماری ئیسلامی و وکوو پێشتر کۆماری ئیسلامی لە مانگی ٨ی ساڵی ٢٠١٣ کەسێکی بە ناو میانەڕەو کرد بە سەرکۆمار بە ناوی رۆحانی، ئەمەش دووبارە بۆ لابردنی ئەو گوشارە کە لەسەر کۆماری ئیسلامییە، ئێستایش پرۆسەیەکی دانوستاندن لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ٥+١ دەستی پێ کردوە لەسەر بەرنامەی ناوکی ئێران. بەڵام لە هەمان کاتدارڕەوتی ئیعدامەکان و دەستگیرکردنی چالاکانی سیاسی و فەرهەنگی لە نێوخۆی ئێران پەرەی سەندووە.
بە پێی ئەم راستییانە، بۆمان دەردەکەوێ کە هەر کاتێک کۆمەڵگای نێونەتەوەیی گوشار بخاتە سەر ئێران، کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدا لە رێگای وتووێژ و دانوستاندن ئەم فشارە لابەرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا توندوتیژی و زەختی زیاتر دەخرێتە سەر چالاکانی سیاسی لە نێوخۆی ئێراندا.