کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە تۆرێنتۆ خۆپیشاندانێک دژی رێژیمی ئێران بەڕێوەچوو

15:11 - 21 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: بە بەشداری کوردان و چالاکانی مافی مرۆڤ و بە دەسپێشخەریی کۆمیتەکانی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە، خۆپیشاندانێک لە رۆژهەڵاتی کانادا لەدژی رێژیمی تاران بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی ١٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی، لەسەر داوای ١٨ رێکخراوی سیاسی و مەدەنیی ئێرانی و کوردستانی و بە دەستپێشخەریی کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە رۆژهەڵاتی کانادا، خۆپیشاندانێک لە شاری تۆرێنتۆ بەڕێوەچوو.
ئەم خۆپیشاندانە، لە بەردەم شارەداریی شاری تۆرێنتۆ و بۆ مەحکووم کردنی سیاسەتی لە سێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی و بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە شەپۆڵی نوێی ئێعدامەکان لە ئێران و دەربڕینی ناڕەزایەتی لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی رێکخرابوو.
خۆپێشاندەران بە دانی دروشمی جۆراوجۆر و بەرزکردنەوەی پلاکارد و وێنەی گیراوە سیاسییەکان، پشتیوانیی خۆیان لە بەندکراوە سیاسییەکان دووپات کردەوە.
پاش خوێندنەوەی چەند وتار و پەیامی لایەنەکان، بڕیارنامەی خۆپیشاندەران خوێندرایەوە کە تێیدا داوای راگیرانی لە سێدارەدان لە ئێران و ئازادکردنی سەرجەم بەندکراوانی سیاسی لەو وڵاتەدا کرابوو.
شەریف بێهرووز نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ئەمریکا و کانادا، باسی لەوە کرد کە هاوپێوەندی و کۆبوونەوەی لەم چەشنە دژی رێژیمی ئێران بێ وێنەیە و ئەمەش هەنگاوێکە بۆ ئەوەی کاریگەریی ئەو جۆرە ئیعدامانە لەسەر کۆمەڵگای ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی کەم بکاتەوە.
خۆپێشاندەران به خوێندنەوەی سروودی \'\'ئەی شەهیدان\'\' کۆتایی‌یان بە خۆپێشاندانەکە هێنا.
ژمارەیەک هاووڵاتیی سەربە نەتەوەکانی ئێران، لایەنگرانی مافی مرۆڤ و رێکخراوەکانی دژبەر لەگەڵ ئیعدام، بەشداری ئەو خۆپیشاندانە بوون.