کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە جوانڕۆ یارمەتیی مرۆیی بۆ ئاوارەکانی شنگال کۆ کرایەوە

16:51 - 20 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: دوای ئاوارەبوونی کوردەکانی شنگاڵ و پەنابردنیان بۆ شاخەکان، هاووڵاتییانی شاری جوانڕۆ لە هەوڵێکی خۆڕسکدا یارمەتی مرۆڤ دۆستانەیان بۆ ئاوارەکان کۆ کردەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، لە ماوەی چەند روژی رابردوو، کەمپەینێک لە ژێر ناوی شنگاڵ تەنیا نییە و شنگاڵ بەتەنیا جێ مەهێڵن، بۆ کۆکردنەوەی یارمەتییەکانی خەڵکی شاری جوانڕۆ بۆ ئاوارەکانی شنگاڵ، رێکخراوە و چالاکییەکانی ئەو کەمپەینە بەردەوام درێژەی هەیە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو هەوڵە مرۆڤ دۆستانە بە شێوەی خۆڕسک لەلایەن چەند هاووڵاتی شاری جوانڕۆ رێکخراوە.

یارمەتییەکانی خەڵکی ئەو شارە بۆ کوردەکانی شنگاڵ بریتین لە: پارەی نەختی، خۆراک، جلوبەرگ و کۆمەڵێک پێداویستیی جۆراوجۆر.

ئەو کەمپەینە لەگەڵ پێشوازیی بەرچاوی خەڵکی شاری جوانڕۆ بەرەوڕوو بووەتەوە.

هاووڵاتییانی ئێزدیی شنگاڵ دوابەدوای هێرشی گروپی تیروریستی داعش بۆسەر هەرێمی کوردستان، ئاوارەی شاخەکانی دەوروبەری ئەو شارە بوون کە سەرەڕای دەنگدانەوەیەکی میدیایی بەربڵاو لەلایەن وڵاتانی جیهان و بەتایبەت خەڵکی کوردستانەوە پشتیوانییان لێ کرا.