کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هەر ٢ رۆژدا هاووڵاتییەکی کورد بەدەستی هێزەکانی ئێران کوژراو و بریندار بووە

20:21 - 28 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: بە کوژرانی حامید شاکری هاووڵاتیی مەدەنیی کورد، ژمارەی کوژراوانی مانگی خەزەڵوەری هەتا ئەمڕۆ گەیشتووەتە ١٣ کەس.


ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردەوە، تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران گیان لە دەستدانی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی سەقز بەناوی \'\'حامید شاکری\'\' تەمەن ٣٥ ساڵ، خێزاندار و باوکی کچێکی تەمەن ٨ ساڵی لێکەوتووەتەوە.
ناوبراو کاتێک کە ویستوویەتی بە ماشینەکەی خۆی بەرەو تاران بچێت لە رێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کراوەتە ئامانجی تەقەی راستەوخۆ و لە ئەنجامدا گیانی لە دەست داوە.
بە وتەی شایەت‌حاڵان هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ تەقەیان لەو هاووڵاتییە کردووە و لە ئەنجامدا گیانی لە دەست داوە و هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە تەرمی حامید شاکری رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.
لە رووداوێکی هاوشێوەدا رێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەر کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ بەناوی \'\'ئەڤین عوسمان\'\' خەڵکی بانە لەلایەن مەئموورێکی هێزی ئینتزامیی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ تەقەی لێکرا و پاش رۆژێک بەربەرەکانێ لەگەڵ مەرگ گیانی لە دەست دا.
بەپێی ئاماری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەرەوە هەتا ئێستا ١٣ هاووڵاتی و کۆڵبەری کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کوژراون و بریندار بوون.