کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەخۆپیشاندانەكانی كرماشان دوو هاووڵاتیی دەسبەسەر كران

16:41 - 20 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: دوابەدوای خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردوو لەشارە جۆراوجۆرەكانی پارێزگای كرماشان، ٢هاووڵاتیی كوردی یارسان لەماڵی خۆیاندا دەسبەسەر كران.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ئێوارەی رۆژی یەكشەممە رێكەوتی ١٩ی جۆزەردان مەیسەم حەیدەری و رەسووڵ كەرەمی لەماڵەكەی خۆیاندا، لەلایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر كران.
یەكێك لەنزیكانی دەسبەسەركراوێكیان شێوازی دەسبەسەر كرانی ئەو دوو هاووڵاتییە كرماشانییەی بەو شێوەیە بۆ كوردستان میدیا باس كرد، هێزە ئەمنیەتییەكان چونەتە بەردەرگای ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە و سەرەتا پێیان وتوونە لەلایەن ئیدارەی پۆستەوە هاتوونە و دوای هاتنە دەری ئەو دوو هاووڵاتییە دەسبەسەرییان كردوون و بۆ شوێنێكی نادیار رایانگواستوون.

سەرچاوەكە، هۆكاری دەسبەسەركرانی ئەو دوو هاووڵاتییەی گەڕاندۆتەوە بۆ ناڕەزایەتییەكانی ئەم دواییانەی هاووڵاتیانی كرماشانی و پەیڕەوانی ئایینی یاری و بێ‌رێزی كردنەكانی رێژیمی ئێران بەو ئایینە.
هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە، زانیارییەك لەچارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە كوردە كرماشانییە لەبەر دەست‌دا نیە.
چەند رۆژ لەمەوبەر و دوابەدوای تاشینی سمێڵی هاووڵاتییەكی یارسانی لەلایەن هێزەكانی زیندانەوە، دوو هاووڵاتیی دیكەی یارسان بەنیشانەی ئیعتراز بەو هەوڵە، ئاگرییان لەجەستەی خۆیان بەردا و یەكێك لەوان گیانی لەدەست دا.
هەر لەو پێوەندییەدا و لەزۆربەی شارەكانی پارێزگای كرماشان ئیعتراز دەستی پێكرد و هەروەها ئەو هەوڵەی هێزەكانی حكوومەتی ئێران ناڕەزایەتیی ژمارەیەك لەحیزبە كوردییەكانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و هێندێ‌لەرێكخراو و ناوەندەكانی مافی مرۆڤی لێكەوتەوە.