کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەدوو پارێزگای كرماشان و ورمێ‌١٤٧ كرێكار بە هۆی روودای كارەوە گیانیان لەدەست داوە

18:39 - 23 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: لەماوەی یەك ساڵدا ١٤٧ كرێكار لە دوو پارێزگای كرماشان و ورمێ‌بەهۆی روودای كار، گیانیان لەدەست داوە.

لەماوەی ساڵی ١٣٩١‌ی هەتاوییدا ٨٦ كرێكار لەپارێزگای ورمێ‌بەهۆی نەبوونی ئیمەنی كار و نەبوونی كەلوپەلی ستاندارد گیانیان لەدەست داوە.
لەو پێوەندییەدا عەلی ئیفتخاری بەرپرسی پزیشك قانوونی ئەو پارێزگایە رایگەیاندووە، رێژەی گیان لەدەست داوانی رووداوی كاری ساڵی ٩١ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتر زیاد بوونی بەخۆیەوە بینیوە.
لەساڵی ١٣٩٠دا ٢٩ كەس كە دوویان ژن بوون بەهۆی رووداوی كارەوە گیانیان لەدەست دابوو.
لەلایەكی دیكەوە لەپارێزگای كرماشان لەساڵی ١٣٩١دا، ٦٩ كەس بەهۆی رووداوی كارەوە گیانیان لەدەست داوە و ئەو رێژەیە بەنیسبەت ساڵی پێشووتر زیاتر لە ٩٠% چوونە سەری بە خۆیەوە بینیوە.

لەپارێزگای كرماشان لەساڵی١٣٩٠دا ٣٢ كرێكار بە هۆی رووداوی كارەوە گیانیان لەدەست دابوو.
بەگشتیی لەساڵی ١٣٩١ لە سەرانسەری ئێراندا یەك هەزار و ٧٩٥ كەس بە هۆی رووداوی كارەوە گیانیان لەدەست داوە و لەكۆی ئەو رێژەیە ٧٩٠ كرێكار بە هۆی بەربوونەوە لەبەرزایی مردوونە.