کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسەدا ٤٠ی ناوەندە بەرهەمهێنەرەکانی کرماشان لە بەرەبەری داخراندان و یان بەگشتی داخراون

20:04 - 20 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: بەپێی ئامارەکان لەسەدا ٤٠ی کۆی گشتیی ناوەندە بەرهەمهێنەرەکانی شارەکە پیشەییەکانی کرماشان یان بەتەواوەتی داخراون و یا لە حاڵی داخران دان.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان و لە زاری بەرپرسی بەڕێوەبەرانی بەشی پیشەی کرماشان کە رێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی بڵاو بووەتەوە، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە ١٥ هێکتار لەو زەمینانەی کە لەلایەن شیرکەتی شارەکە پیشەیەکانی کرماشان دراونەتە هاووڵاتیان، لێیان وەرگیراونەتەوە.

زۆربەی بەرهەمی کارگەکانی ئاستی پارێزگای کرماشان بەرووبومی شیمیایی و خۆراکییان هەیە کە هەنووکە لەگەڵ قەیرانی جیدیی بەرەوڕوو بوونەتەوە.

سەرەڕای وەرگرتنەوەی بەشێکی زۆر لەو زەمینانەی کە دراونەتە داواکاران و پیشەسازان؛ بەڕێوەبەری گشتیی شیرکەتی شارەکە پیشەیەکانی کرماشان لە هەواڵێکدا رایگەیاند کە شارەکی پیشەیی قەسری شیرین لەم رۆژانەدا دەست بە کار دەبێت کە ئەو هەنگاوەیش بەپێی دۆخی ئێستا کارێکی پاساو هەڵنەگر و هیچ پاساوێکی ئابووریی بۆ نییە.

ئەگەری داسەپاندنی گەمارۆی زیاتر دژی رێژیمی ئێران لەلایەن کۆماریخوازەکانی کۆنگرەی ئامریکا و دابەزینی لە رادەبەدەری نرخی نەوت هەتا ٤٧ دوڵار لە بازارەکانی جیهان لەپاڵ هەڵاواردنی ئابووری و ئیمکاناتی هەمیشەیی بووەتە هۆی ئەوە کە پارێزگا کوردنشینەکان لە ریزی یەکەمی پارێزگا هەژارنشینەکانی ئێراندا جێ بگرن و هەنووکە زۆربەی کارگە بەرهەمهێنەرەکانی ئیلام، کرماشان، سـنە وئورمیە داخراون لە حاڵی داخران دان.