کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەشاری سلێمانی رێوڕەسمی یادی ئیعدامیانی ١٩‌ی بانەمەڕ بەڕێوە چوو

17:12 - 20 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: سێهەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی پێنج چالاكی سیاسیی كە چوار كەسیان كورد بوون، لەشاری سلێمانی بەڕێوە چوو و لەو كۆڕ یادەدا داوای رادەستكردنەوەی تەرمی لەسێدارەدراوان بە بنەماڵەكانیان كراوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەماڵپەڕی كوردستان میدیا، ئەو رێوڕەسمە رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی ١٩ی بانەرمەڕ لەلایەن كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كورد ـ ئورووپا و بنەماڵەی ئیعدامكراوەكان بەڕێوە چوو و تێیدا ژمارەیەك پەیام بەو بۆنەیەوە پێشكەش كران.
لەو كۆڕ یادەدا پەیامی كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كورد ـ ئورووپا، پەیامی بنەماڵەی لەسێدارەدراوانی ١٩‌ی بانەمەڕ و پەیامی بنەماڵەی زانیار و لوقمان مورادی زیندانیانی سیاسیی كورد، خوێندراونەتەوە.
دواتر راپۆرتێك لەبارەی پێشێلكارییەكانی مافەكانی مرۆڤ لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە، پێشكەش كرا.

لەلایەكی ترەوە كلیپێك لەبارەی لەسێدارەدراوانی ١٩‌ی بانەمەڕ بە دەنگی جەلال مەلەكشا شاعیری كوردستانی رۆژهەڵات پیشان درا و دواتریش نەجمەدین غوڵامی هونەرمەندی كورد چەند پارچە سرودێكی خوێندەوە.
فەرزاد كەمانگەر، شیرین عەلەم هوولی، عەلی حەیدەرییان، فەرهاد وەكیلی و مەهدی ئیسلامیان ئەو پێنج چالاكە سیاسییە بوون كە لەرێكەوتی ١٩ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٨٩‌ی هەتاوی، لەئێران ئیعدام كران.