کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەشاری مەریوان خۆپیشاندانێكی ناڕەزایەتی دەربڕین، بە بێ‌رێزی دادگای ئەو شارە بە ژنان، بەڕێوە چوو

00:46 - 31 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: ژمارەیەك لەچالاكانی ژنان و فەرهەنگی لەشاری مەریوان كۆبوونەوەیەكی ناڕەزایەتی دەربڕینیان بە بێ‌حورمەتی دادگا و ناوەندەكانی دیكەی رێژیمی ئێران بەژنان، پێك هێنا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێكەوتی ٣٠ی خاكەلێوە ئەو گردبوونەوە ناڕەزایەتییە لەسەیرانگای بیلو لەنزیك زەریاچەی زرێبار بەڕێوە چوو.
ئەو خۆپیشاندەرانە بە نووسراوە و هەڵگرتنی پلاكارد پشتیوانی خۆیان لەژنانی كورد و ژنانی مەریوان بەتایبەتی دووپات كردەوە.
لەو خۆپیشاندانەدا ژمارەیەكیش پێاو كە لەچكەی سووریان لەسەر نابوو وەبەر چاو دەكەوت.
ئەو ناڕەزایەتیانە لەحاڵێكدایە كە رێكەوتی ٢٦ خاكەلێوە هاووڵاتییەك بەناوی توفیق داباشی تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵكی شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئینتزامییەكان ولەسەر بڕیاری دادگای رێژیم لەشاری مەریوان جلوبەرگی رەنگی سووری ژنانەی لەبەر كرابوو و لەشوێنە گشتییەكانی ئەو شارە پیشانی خەڵكیان دابوو.
چالاكانی ژنانی مەریوان لەو باوەڕەدان ئەو كارەی ناوەندەكانی رێژیم بێ‌رێزییە بە جێگە و پێگەی ژن.
هەر لەو پێوەندییەدا رۆژی سێ‌شەممە رێكەوتی ٢٧ی خاكەلێوە كۆمەلێك لەژنانی شاری مەریوان بەلەبەر كردنی جلوبەرگی رەنگی سوور رژابوونە سەر شەقامەكان و بە هەڵگرتنی نووسراوە و پلاكارد بەرگرییان لە ماف و هەروەها بڕیاری دادگای رێژیمیان لەشاری مەریوان شەرمەزار كردبوو.
هێزە نیزامییەكانی رێژیم بەمەبەستی سەركوتی خۆپیشاندەران بەكەرەسەی دژە شۆڕش هێرشیان كردبووە سەر ژنان و لێیان دابوون.
لەلایەکی دیکەوە دانیشتوانی گوندی نێی سەربە شاری مەریوان بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەو بڕیارەی دادگا، دەستیان بە کۆ کردنەوەی واژۆ کردووە.