کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەشاری ورمێ‌ بە زۆرە ملی بە قوتابخانەكان راگەیەندراوە دەبێ‌ پێشوازی لەئەحمەدی نژاد بكەن

16:27 - 13 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: بڕیارە مەحموود ئەحمەدی نژاد سەركۆماری رێژیمی ئێران لەچەند رۆژی داهاتوودا سەردانی شاری ورمێ‌ بكات و لەلایەن پارێزگاریی شاری ورمێ‌ بەشێوەی ئیجبار بە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارە راگەیەندراوە كە دەبێ بەشداری لەو پێشوازییەدا بكەن.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لەسەر بڕیاری پارێزگاریی شاری ورمێ‌ بەسەرجەم قوتابخانەكانی راگەیاندووە، كە دەبێ‌ لە رۆژی هاتنی سەركۆماری رێژیمدا بەمەبەستی پێشوازی كردن ئامادە بن و لە هەر قوتابخانەیەك چەند كەسێك بۆ ئەو پێشوازی كردنە لەشوێنی دیاریكراوی بێت.
ئەمە لەحاڵێكدایە كە ماوەیەك لەمەوبەر ئەندامێكی هەیئەت رەئیسەی مەجلیسی رێژیمی ئێران رایگەیاندبوو، سەردانە ئوستانییەكانی سەركۆماری رێژیمی ئێران بەهۆی پێشوازی نەكردنی خەڵك، راگیراوە.
محەممەد دێهقان وتیشی: خەڵك لە كار و كردەوەكانی دەوڵەت دڵ سارد بوونەتەوە و چیدیكە پێشوازی لە ئەحمەدی‌نژاد ناكەن.

مەحموود ئەحمەدی‌نژاد لە پڕۆپاگەندە و رەكابەرییەكانی بۆ هەڵبژاردن لە ساڵی ١٣٨٤دا دروشمی پێوەندیی لەگەڵ خەڵكی كردبووە بنەمای كاری خۆی.
دێهقان لەو باوەڕە دایە، گرانیی لەرادەبەدەر، چوونە سەری نرخی دۆلار و بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری وای كردووە كە هاووڵاتییانی ئێران باوەڕیان بە سیاسەتەكانی حكوومەتی ئێران نەمێنێت.