کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەماوەی چوار رۆژدا ٣ لاوی كورد لە رووبارەكانی كوردستانی رۆژهەڵاتدا خنكاون

16:10 - 27 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: لەماوەی چوار رۆژدا ٣ لاوی كورد لە ئاوەكانی مەریوان، سەردەشت و ماكۆدا بە هۆی كەوتنە ناو ئاو و شارەزا نەبوون لەمەلە كردن خنكاون.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێكەوتی ٢٣ی خاكەلێوە هاووڵاتییەكی شاری مەریوان بە ناوی موسلێح بەمەبەستی مەلە كردن چۆبووە بەنداوی گاڕان و لە ئەنجامدا بە هۆی زۆر بوونی ئاوەكە و لەدەست دانی كۆنترۆڵی، گیانی لەدەست دابوو.
بەنداوی گاڕان، بەنداوێكی خاكییە و بەرزاییەكی زیاتر لە ٦٠میترە و لە نزیك گوندەكانی دوێسە و وێڵەی مەریوان هەڵكەوتووە و هاووڵاتیان رەخنەی ئەوەیان لە ناوەندە پێوەندییدارەكانی رێژیمی ئێران هەیە، كە هیچ تابلۆ یان نووسراوەیەكی ئاگادار كردنەوەیان لەدەورووبەریی ئەو بەنداوە دانەكوتاوە و تەنانەت تیمی فریا كەوتنیش لەو شوێنە بوونی نیە.
هەر لەو پێوەندییەدا رۆژی دووشەمە رێكەوتی ٢٦ی خاكەلێوە لاوێكی دیكەی كورد بە ناوی دیاكۆ سووری تەمەن ٢٨ساڵ و خەڵكی شاری مەهاباد لە تاڤگەی شەڵماش لەشاری سەردەشت خنكا.
دیاكۆ لەگەڵ بنەماڵەكەی بەمەبەستی سەفەر چووبوونە ئەو شوێنە و لەئەنجامدا بە هۆی بەربوونەوەی لەبەرزایی تاڤگەی شەڵماشەوە بۆ ناو ئاوەكە گیانی لەدەست دابوو.
ئەو تاڤگەیە لەلایەن ناوەندەکانی رێژیمەوە هیچ لەمپەڕ یان تابڵۆیەکی لێ نەدراوە و هەموو سالێک بە هۆی زۆر بوونی ئاو، هاووڵاتییان لە بەرزایی ئەو تاڤگەیەوە دەکەونە خوارێ.
تاڤگەی شەڵماش لە گوندی شەڵماشی سەر بە سەردەشت هەڵكەوتووە و بەرزاییەكی زیاتر لە ١٦میترە.
لەلایەكی دیكەوە مێرمنداڵێكی تەمەن ١٥ی خەڵكی شاری ماكۆ لە رووباری زەنگباردا بە هۆی كەوتنە ناو ئاوەكە و شارەزا نەبوون لەشێوازی مەلەكردن خنكاوە.
تەرمی ئەو هاووڵاتییە بەهۆی سەختی شوێنەکە لەلایەن تیمی ئاگر كۆژێنەوە دەرهێنراوەتەوە.
رووباری زەنگبار بە رۆژئاوای شاری ماكۆدا تێپەڕ دەبێ‌و بەحوكمی ئەوەی كە بەنزیك ئاوایی و شوێنە گشتییەكاندا تێپەڕ دەبێ‌ساڵانە قوربانێكی زۆر دەگرێ.