کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەماوەی یەك حەفتەدا زیاتر لە ٥٠ هاووڵاتیی ئەفغانی لەسنوورەكانی كوردستانی ئێران دەسبەسەر كراون

17:48 - 6 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: لەماوەی یەك حەفتەدا ٥١ هاووڵاتیی ئەفغانی لەخاڵە سنوورییەكانی ماكۆ و خۆی لەلایەن هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر كراون.

لەكۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٣٦ هاووڵاتیی ئەفغانی لەسنووری خۆی و ١٥‌ی دیكەش لەسنووری شارستانی ماكۆ دەسبەسەر كراون.
ئەو هاووڵاتیە ئەفغانیانە بەمەبەستی كار كردن روویان لەئێران كردبوو، بەڵام لەناوچە سنوورییەكانی شارستانی ماكۆ و خۆی لەلایەن هێزەكانی رێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر كراون.
ئەمانە لەحاڵێكدان كە چەند رۆژ لەمەوبەر لێپرسراوانی والی فەرا لەئەفغانستان رایانگەیاندبوو، ژمارەیەك لەهاووڵاتیانی ئەفغانی لەسەر سنوور بوونە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئێران و ژمارەیەك كوژراو و برینداری لێكەوتەۆتەوە.
عەبدولڕەحمان ژوندی بەرادیۆی ئازادی وتبوو: هەتا ئێستا بەشێوەیەكی روون رێژەی كوژراو و بریندارەكانمان بۆ دەرنەكەوتووە، بەڵام بەپێی دوایین زانیارییەكان ٩ هاووڵاتیی بریندار بوون.
سەرچاوەكە لەزاری یەكێك لەو هاووڵاتیانەوە رایگەیاندبوو، ئێمە كاتێك دەمانویست بچینە خاكی ئێران لەلایەن هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئێرانەوە پێشمان پێگێرا و لەكاتی گەڕانەوەمان بۆ خاكی ئەفغانستان دراینە بەر دەستڕێژ.