کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەپیرانشار بەدانی بەڵێنی داوا لەخوێندكاران و كارمەندان كراوە بەشداریی لە رێوڕەسمێكی حكوومەتی لەشاری تاراندا بكەن

23:01 - 27 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: لەشاری پیرانشار بە خوێندكاران و فەرمانبەرانی ناوەندە حكوومەتییەكانی رێژیمی ئێران راگەیەندراوە، پێویستە بەشداریی لەرێوڕەسمی زەحمەتكێشانی ستادی نەورۆزی( خادمان ستاد نوروزی) كە بڕیارە لەشاری تاران بەڕێوە بچێت، بكەن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەماڵپەڕی كوردستان میدیا، ناوەندەكانی رێژیم بە خوێندكارانی زانكۆی پەیام نوور، ئیدارەی هیلالی ئەحمەر و بەشێك لەفەرمانبەری ئیدارەكانی شاری پیرانشاریان وتووە، كە دەبێ لە رێوەڕەسمی رۆژی پێنجشەممە كە بڕیارە لە یاریگای ئازادی تاران بەڕێوە بچێت بەشداریی بكەن.
ئەو ناوەندانە بە فەرمانبەر و خوێندكارنیان وتووە كە لەماوەی مانەوەیان لەتاران خواردنیان پێ‌دەدرێ‌و لەشاری پیرانشارەوە بە ماشێنی حكوومەتی دەیانگوازنەوە بۆ تاران.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران هەموو ساڵێك رێوڕەسمێك لەبەشێك لەشارەكانی ئێران لەژێر ناوی رێزلێنان لە زەحمەتكێشانی ستادی نەورۆزی بەڕێوە دەبات و هەزینەیەكی زۆر لەو رێگایەدا سەرف دەكات.
هەر لەو پێوەندییەدا فەرماندەی هێزی ئینتزامیی رێژیمی ئێران رایگەیاندووە، ئەمساڵ ئێمە رێگا نادەین ئەو رێوڕەسمە لە یاریگای ئازادی تاران بەڕێوە بچێت و دەبێ‌بچێتە شوێنێكی دیكە.
ئەو فەرماندەیە وتوویەتی: رێوڕەسمی ئەمساڵ بۆن و رەنگی پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردنی شانۆی سەركۆماری پێوە دیارە.
لەلایەکی دیکەوە پارێزگاری تاران ئاشکرای کردووە، ئەو رێوڕەسمە لەو یاریگایە بەڕێوە دەچێت.