کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەئێران داوا لەهەواڵنێرانی كورد كراوە ناسناوی ئیسلامیی جێگرەوەی ناوە كوردییەكانیان بكەن

16:13 - 13 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: باشگاە خبرنگاران داوای لەسەرجەم هەواڵنێرە كوردەكان كردووە، بەزووترین كات ناو و ناسنامە كوردییەكانی خۆیان بگۆڕن و بەجێگای ئەو ناوی ئیسلامیی بۆ خۆیان هەڵببژێرن.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەماڵپەڕی كوردستان میدیا، باشگای هەواڵنێران لەنامەیەكدا بەسەرجەم هەواڵنێرە كوردەكانی ئەو ناوەندەی راگەیاندووە، چیدیكە ناتوانن بە ناوی كوردییەوە كاری رێپۆرتاژ و هەواڵنێری بكەن.
لەنامەكەدا كە نوسخەیەكی بۆ هەواڵنێرە كوردەكان نێردراوە هاتووە، داوا لەو لەهەواڵنێرانی كورد دەكەین كە لەكەمترین كاتدا ئاڵوگۆڕ بەسەر ناو و ناسنامە كوردییەکانیاندا بێنێن.
لەبەشێكی دیكەی نامەكەدا نووسراوە، ئەگەر هەواڵنێرە كوردەكان ناوەكانیان نەگۆڕن و سەرپێچی لەو بڕیارە بكەن، ناوی دیاری كراویان لەلایەن باشگای هەواڵنێرانەوە بۆ دەسنیشان دەكرێت.

لەنامەكەدا نووسراوە، پێویستە ناوی هەواڵنێرەكان بەپێی یاساكانی ئیسلام بێت و لەگەڵ ئیسلام یەك بگرێتەوە.
باشگای هەواڵنێران زمانحاڵی فەرمیی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانە و لەچوارچێوەی ماڵپەڕدا چالاكی دەكات.