کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەئێران لەماوەی یەک كاتژمێردا هاووڵاتییەك بەهۆی شێرپەنجەی \"گەدە\"وە گیانی لەدەست دەدات

16:34 - 25 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: بەپێی دوایین ئامارەكان، وڵاتی ئێران زۆرترێن رێژەی گیان لەدەستدان بە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجەی گەدە (معدە)ی لەدونیادا هەیە و رۆژانە لەئێران ٢٢ كەس بە هۆی ئەو نەخۆشییەوە گیان لەدەست دەدەن.

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی، ساڵانە ١٠هەزار كەس لەئێران تووشی شێرپەنجەی گەدە دەبن و لەو رێژەیە زۆربەی تووشبوان پیاوانن.

لەو پێوەندییەدا ماڵپەڕی فریادگر بڵاوی كردەوە، بێجگە لەوەی كە ئێران زۆرترین رێژەی تووشبوانی بە نەخۆشی گەدە لەدونیادا هەیە، لەناو شێرپەنجەكانیشدا لەئاستی ئێراندا زۆربەی هاووڵاتیان بە هۆی شێرپەنجەی گەدەوە گیان لەدەست دەدەن.

هەر بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی ئێران، ساڵانە نزیك بە ٤٠هەزار هاووڵاتی لەئێران بە هۆی شێرپەنجەوە گیان لەدەست دەدەن و بەوتەی كەسانی پسپۆڕ، ئەگەری ئەوە هەیە ئەو رێژەیە هەتا ٢٠ساڵی دیكە لەسەدا نەود زیاد بوون بەخۆیەوە ببینێت.

هەتا ئێستا هۆكاری زۆر لەپێوەندیی تووشبوون بە شێرپەنجە باس كراوە، بەڵام سەرەكیترین هۆكارەكان دەگەرێتەوە بۆ شێوازی ژیان كردن و كێشی لەڕادە بەدەر.

هێندێ‌ هۆكاری دیكەی وەكوو، پیسی ژینگە، جووڵەی كەم، ژیانی ناتەندروست دەتوانن لە هۆكارەكانی تووشبوون بە شێرپەنجە بن.