کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایانی شاری بۆكان ناڕەزایەتیان بە گەڵاڵەی \"بیمەی طلایی\" دەربڕی

15:26 - 19 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: ژمارەیەك لەمامۆستایانی شاری بۆكان لەنامەیەكدا كە بۆ ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارەیان ناردووە، ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر بیمەی تەڵایی دەربڕیوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، بەشێك لەمامۆستایان لەنامەیەكدا كە بۆ لێپرسراوی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری بۆكانیان ناردووە، داوایان كردووە، كە گەڵاڵەی بیمەی تەڵایی هەڵبوەشێندرێتەوە.
ئەو مامۆستایانە لەو باوەڕەدان ئەو تەرحە هەتا ئێستا هیچ خزمەتێكی بەمامۆستایان نەكردووە و مانگانەش ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ ئەو تەرحە لێیانیان ئەستاندوون، پێیان نەداونەتەوە.
بەوتەی یەكێك لەو مامۆستا ناڕازییانە، هەر مامۆستایەك مانگانە نزیك بە ٢٤هەزار تمەنی بەمەبەستی تەرحی بیمەی تەڵایی لێ‌دەستێنن.

بیمەی تەڵایی گرێ‌بەستی نێوان ئیدارەكانی رێژیمی ئێران لەگەڵ ئیدارەی بیمەیە و بەپێی ئەو گرێ‌بەستە تێچووی نەخۆشی و دەوا و دەرمانی كارمەندان لەلایەن بێمەوە دەبێ‌بدرێت.

ئەو گەڵاڵەیە هەتا ئێستا بەشێوەی پێویست نەچۆتە بواری جێبەجێ‌كردنەوە و لەو پێوەندییەدا چەند رۆژ لەمەوبەریش مامۆستایانی قوتابخانەكانی شاری مەریوانیش ناڕەزایەتیان بە گەڵاڵەی بیمەی تەڵایی دەربڕیبوو و ژمارەیەكی بەرچاویش لەو مامۆستایانە بە نووسراوە كشانەوەی خۆیان لەو بیمەیە راگەیاندبوو.
ماوەی دوو ساڵە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری مەریوان تەرحێكی لەژێر ناوی بیمە طلایی وەكوو خزمەتگوزاری بەمامۆستایانی ئەو شارە، خستۆتە گەڕ و دوای تێپەڕینی ماوەیەكی زۆر ئەو گەڵاڵەیە نەچۆتە بواری جێبەجێ ‌كردنەوە.