کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامەڵە لەگەڵ ئێران جەریمەی ٣١٥ میلیۆن دولاریی بۆ بانکی میتسۆبیشی بە دواوە بوو

18:45 - 28 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: بانکی میتسوبیشی ژاپون، بە هۆی مامەڵەی شاراوە لەگەڵ رێژیمی ئێران و پێشێلکاریی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا، ٣١٥ میلیۆن دولار جەریمە کرا.

هەواڵدەریی رۆیتێرز بۆ دووهەمین جار لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، مامەڵەی ژێر بە ژێری بانکێکی دەرەکی لەگەڵ رێژیمی ئێران و هاوکاری لەگەڵ ئەو رێژیمە بۆ پێشێلکاریی گەمارۆ ئابوورییەکانی خستە ڕوو.

بەپێی ئەم راپۆرتە، بانکی توکیو – میتسۆبیشی ژاپون، بە هۆی مامەڵە کردنی شاراوە لەگەڵ وڵاتانی گەمارۆ دراو وەکوو سوودان، میانمار و رێژیمی ئێران ٣١٥ میلیۆن دولار جەریمە کراوە.

بانکی توکیو – میتسۆبیشی وەک خۆی پێدانی جەریمەی ٣١٥ میلیۆن دولاریی بە ناوەندێکی ئامریکایی چاوەدێری بەسەر بانکەکاندا، قەبووڵ کردووە.
لەو پێوەندییەدا و لە بواری پێشێلکاریی گەمارۆ ئابوورییەکانی کۆمەڵگای جیهانی، ئیدارەی بەدواداچوونی تاوانی گۆمرۆکی ئاڵمان، هەواڵێکی سەبارەت بە کڕینی تێکنیک و کەرەستەی ئەتۆمی لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە لەو وڵاتە، بڵاو کردەوە.

هەروەها،بەپێی نوێترین راپۆرتەکانی ناوەندێکی ئیتلاعاتی رۆژئاوا، رێژیمی ئیسلامی لە رێگەی بانکی کونلون (Kunlun) کە کۆمپانیایەکی ژێر چاودێری شیرکەتی نەوتی وڵاتی چینە، بۆ هەناردنی پارە بۆ کۆمپانیاکانی سەر بە هێزی تێرۆریستیی سپای قودس کەڵکی وەرگرتووە.

هەواڵەکانی پێشێلکاریی گەمارۆ ئابوورییەکان وەک دەستەبەر کردنی تێچووی چالاکییەکانی سپای قودسی پاسداران لە دەرەوەی ئێران، کڕینی تێکنیکی ئەتۆمی لە ئاڵمان و هەروەها مامەڵەی شاراوە لەگەڵ بانکی میتسۆبیشی ژاپون لە حاڵێکدا بڵاو کراوەتەوە کە خولی کۆتایی وتووێژەکانی ناوکیی، رۆژی سێشەممە لە ڤییەن دەستی پێکردوە.