کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماوەی دەسبەسەر كرانی برایانی كوردپوور بۆ ٢ مانگی‌تر درێژ كرایەوە / خوسرەو كۆتایی بەمانگرتنەكەی هێنا

22:03 - 25 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: ماوەی دەسبەسەر كرانی خوسرەو و مەسعوود كوردپوور بۆ دوو مانگی تر درێژ كرایەوە و هاوكاتیش خوسرەو دوای ٢٥رۆژ لەگرتووخانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای رێژیمی ئێران لەورمێ‌، كۆتایی بەمانگرتنەكەی هێنا.

كەماڵ حوسێنی رۆژنامەنووسی كورد بە ماڵپەڕی كوردستان میدیای راگەیاند، رۆژی سێ‌شەممە رێكەوتی ٢٤ی بانەمەڕ خوسرەو كوردپوور رۆژنامەنووس و بەرپرسی ئاژانسی هەواڵی موكریان لەسەر داوای بنەماڵە و دۆستان و پارێزەرەكەی كۆتایی بەمانگرتنەكەی هێنا.
لەحاڵی حازردا مەسعوود و خوسرەو لەزیندانە تاكەكەسییەكانی ئیتلاعاتی سپاوە بۆ گرتنگەی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە راگوێزراون.
حوسێنی وتیشی: ماوەی دەسبەسەر كرانی برایانی كوردپوور بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو بۆ دوو مانگی دیكە درێژ كراوەتەو.
پارێزەری كوردپوورەكان لەبارەی ئەو هەوڵەی بازپرسی دۆسیەی مەسعوود و خوسرەو كوردپوور ئیعترازییان دەربڕیوە.

ناوەندە پێوەندیدارەكانی رێژیم هەتا ئێستا ئیزنیان نەداوە كە پارێزەرانی كوردپوورەكان چاویان بە ئەو دوو رۆژنامەنووسە بكەوێ.

ئەوە بۆ سێهەمین جارە كە ماوەی دەسبەسەركران (قراربازداشت)ی برایانی كوردپوور درێژ دەكرێتەوە.