کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماکۆ/ هەڵویستی خۆڕسکی چاندنی نەمام لەلایەن هاووڵاتییانی کورد

20:44 - 4 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: گرووپی نەمام‌چاندنی شاری ماکۆ کە گرووپێکی خۆڕسکی مەدەنیە، نەمامیان لە لێڕەوارەکانی ئەو شارە چاند.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە دەستپێکی بارانەکانی ئەم دواییانەی کوردستانەوە، گرووپێک لە لاوانی کوردی خەڵکی ماکۆ لە ژێر ناوی گرووپی چاندنی نەمامەکان بە شێوەی خۆڕسک نەمامیان لە دەوروبەری شاری ماکۆ چاند.

دەوترێت کە ئەم هەوڵە سروشت‌دۆستانەیە هەموو حەفتەیەک لەلایەن لاوانی کوردەوە بە شێوەی خۆڕسک ئەنجام دەدرێت.

پەرەپێدانی فەرهەنگی پاراستنی ژینگە، پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی زبڵ لە ژینگە و خاوێن کردنەوەی سروشت، لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو لاوانەیە.

هەر لەم پێوەندییەدا، لە رۆژی جێژنی قوربانی ئەمساڵ‌دا هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی شاری مەهابادیش بۆ پاراستنی ژینگە وسروشتی کوردستان لە دەورووبەری شاری مەهاباد نەمامیان چاند.

هاووڵاتییانی کورد بە ئاگاداربوون لە دۆخی ژینگەی کوردستان بەردەوام نیسبەت بە کردەوە تێکدەرانەکانی رێژیمی ئێران و دەست‌وپێوەندییەکانی ئەم رێژیمە لە ناوچە کوردنشینەکان وەکوو لە ناوبردنی ژینگە و ئاگرتێبەردانی دارستان و لێڕەوارەکانی کورستان، دژکردەوەیان نیشان داوە.

شەپۆلی ئازادکردنی پەلەوەرەکان لە سروشت، سووتاندنی قەفەسەکان لەلایەن راوچییەکان، کۆکردنەوەی زبڵ لە شوێنە گەشتیارەکان و هەروەها چاندنی نەمام و دار لە لێڕەوارە و کێوەکان لە کردەوەکانی دیکەی هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی کوردستانی ئێران لە پێناو پاراستنی ژینگە بووە.