کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مردن بەهۆی رووداوی هاتوچۆ لە پارێزگای سنە لەسەدا ١٥ زیادی کردووە

20:01 - 19 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: ئاماری کوژرانی رووداوەکانی هاتوچۆ لە پارێزگای سنه لە ٨ مانگی رابردوودا لەهەمبەر ماوەی وێکچووی ساڵی رابردوو، ٣٩ حاڵەت زیادی کردووە.
ئیسنا لەزاری بەڕێوەبەری ئیدارەی پزیشکی یاسایی پارێزگای سنه بڵاوی کردووەتەوە، لە ٨ مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا ٣٠٠ هاووڵاتیی کورد بەهۆی رووداوی هاتوچۆ گیانیان لە دەست داوە.
بە گوێرەی ئامارەکان ئەو رێژەیە لە ماوەی وێکچووی ساڵی رابردوو واتە لە ٨ مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، ٢٦١ حاڵەت بووە کە لەسەدا ١٥ زیادبوونی بە خۆوە بینیوە.
لە رووداوەکانی هاتوچۆی پارێزگای کوردستاندا ٢٤٠ حاڵەتی مردن لە رێگاکانی دەرەوەی شارەکان، ٣٥ حاڵەتی مردن لە نێو شارەکان و ٢٩ حاڵەتیش لە رێگای گوندەکان تۆمار کراوە کە لەم نێوەدا ٢٢٩ کەس لە قوربانیان لە رەگەزی پیاو و ٧١ی دیکەش ژن بوون.
برینداربوون بەهۆی روواوی هاتوچۆ لە پارێزگای سنه بە بەراورد لەگەڵ ماوەی وێکچووی ساڵی رابروو لەسەدا ٤ زیادبوونی بەخۆوە بینیوە ئەو و رێژەیە ٣ هەزار و ٩٦١ کەس راگەیەنراوە.
بارودۆخی نالەباری رێگاکانی کوردستان و بارینی بەفر لە وەرزی زستان لە بەراورد لەگەڵ وەرزەکانی دیکە زیاتر خۆ دەنوێنێ و لە وەرزی سەرمادا زیاتر لە هەمیشە خەسارەکانی هاتوچۆ روو لە زیاد بوون دەکات.
لەم پێوەندییەدا سەرەڕای ئەوەی کە زۆربەی رێگاکان گوندەکانی پارێزگای سنە خاکین و بارودۆخێکی نالەباریان هەیە، بەرپرسانی رێژیم بەردەوام بەڵێنیی خزمەتگوزاری بۆ ئەو رێگایانە دەدەن و لەگەڵ ئەوەی کە بوودجەی بۆ وەردەگرن، بەڵام هیچ خزمەتگوزارییەکی ئەوتۆ ئەنجام نادرێت.