کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مردنی ٢٧١ کەس بە هۆی رووداوەکانی هاتوچۆ لە پارێزگای سـنە لە ماوەی ٨ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا

16:23 - 17 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: دۆخی نالەباری جادە و رێگە و بانەکان لە سـنە بەردەوام هۆکاری سەرەکیی رووداوەکانی هاتوچۆ ئەژمار دەکرێت.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و بە پشت بەستن بە ئامارەکانی پزشکی یاسایی پارێزگای سـنە، ٢٧١ هاووڵاتی لە ماوەی ٨ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بە هۆی رووداوی هاتوچۆ لەو پارێزگایە گیانیان لە دەست داوە.

دۆخی نالەباری جاددە و رێگە پەیوەندییەکان لە لایەک و ماشێن و کەرەستە هاتوچۆی پرتووکاو و ناستاندارد لە گرینگترین هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی گیان لە دەست دانی هاووڵاتیان لە پارێزگای سـنە بە هۆی رووداوەکانی هاتوچۆ راگەیەندراوە.

لە ماوەی ٨ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٢١٤ کەس بە هۆی رووداوی هاتوچۆ لە دەرەوەی شارەکان و ٣٥ کەسی دیکەش لە نێو شار بە هۆی رووداوی هاتوچۆ کوژراون.

هەر رۆژە لە سەرتاسەری جیهاندا زیاتر لە ٣ هەزار کەس بە هۆی رووداوەکانی هاتوچۆ و زیانەکانی گیانیان لە دەست دەدەن؛ لە وڵاتانی کەم داهات و وڵاتانی بە داهاتی نێونجی (لە حاڵی گەشەدا) هۆکاری مردنی لە سەدا ٨٥ی مردووەکان و کەم ئەندامیی نزیک لە سەدا ٩٠ی ئەو کەسانەی تووشی نەتوانی جەستەیی و کەم ئەندامی بوون دەبن؛ رووداوی هاتوچۆ بووە.

ئێران وەک وڵاتێکی لە حاڵی گەشەکرندا بە ساڵانە زیاتر لە ٨٠٠ هەزار رووداو لە ریزی یەکەمی رووداوەکانی هاتوچۆ جێی گرتووە و بەو پێیە کە رووداوەکانی هاتوچۆ نۆهەمین هۆکاری گیان لە دەست دان لە جیهاندا ئەژمار دەکرێت، گیان لە دەست دان بە هۆی رووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێراندا دووهەمین هۆکاری گیان لە دەست دانی مردن ئەژمار دەکرێت.

ئاماری رووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێراندا بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی جیهاندا جیگای نیگەرانییە و رێژەی رووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێراندا ٢٥ بەرامبەر لە وڵاتی ژاپۆن و ٢ قات لە تورکیە زیاترە.

زیانی رووداوەکانی هاتوچۆ لە جاددەکانی ئێران ساڵانە ٤ هەزار میلیارد تمەن مەزەندە دەکرێت کە نزیک بە لە سەدا ٤ی داهاتی ناخالیسی نێوخۆیی‌یە.