کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات سەردانی دوکتور مەحمود عوسمانی کرد

04:02 - 22 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دیدار لەگەل دوکتور مەحمود عوسمان، بارودۆخی ئێستای جوولانەوەی کورد لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستاندا تاوتۆی کرد.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی٢٠ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەردانی سیاسەتمەداری ناسراو و دۆستی لە مێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دوکتور مەحمود عوسمان لە شاری هەولێر کرد و لە لایەن دوکتور مەحمود عوسمانەوە بە گەرمی پێشوازی لێ کرا.

لەو دیدارە دۆستانەیەدا وێڕای تاوتۆیکرانی بارودۆخی ئێستای جوولانەوەی کورد بە گشتی و دەستنیشانکردنی مەترسییەکانی بەردەم تەڤگەری کورد لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستاندا کە لە لایەن داگیرکەرانەوە ئاراستە دەکرێن، پێداگریان لە سەر هەلگرتنی هەنگاوی بەپەلە و کاری هاوبەشی هێزە سیاسیەکانی کوردستان کرد، بۆ دەرباز بوون لەو قۆناخە هەستیارە و مسۆگەرکردنی دەسکەوتە نەتەوەییەکانی گەڵی کورد لەو قۆناخە هەستیارەی کە ناوچە تێیدا تێدەپەڕێت.