کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: ئێمە وەفادارین بە پەیمانێک کە لەگەڵ خەڵکەکەمان داوە

23:09 - 2 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێوڕەسمی شەهیدانی حیماسەی شنۆدا ڕایگەیاند، گەلی کورد لە کوردستانی ئێران لە حیزبی دێموکراتیان ویستووە کە خەباتەکەی خۆی درێژە پێ بدا و ئەو خەڵکە یەکەم پشتیوانی ئەو خەباتەیە.

دەقی پەیامەکە:

بنەماڵەی بەڕێزی شەهیدان!

میوانانی بەڕێز!

هەیئەتەکانی بەشدار لە هەر چوار پارچەی کوردستان!

خوشک و برا خۆشەویستەکانمان!


سڵاوێکی گەرمتان لێ‌بێت. ئەوەی کە ئەوڕو ئێمەی لێرە لە هەموو بەشەکانی کردستان لە دەوری یەک کۆ کردووەتەوە،تەنها ئەوەندە نیە کە بە جەستە و بە گیان لە گەڵ یەک دانیشتووین، بەڵکوو گرینگتر لەوە،ئەو بیرو باوەڕ و خەبات و تێکوشانەیە کە لە هەر گۆشەیەکی ئەو کوردستانەدا بەردەوام بێت،لە هەر جێگایەکی پەیکەری ئەو کوردستانە بریندار بێت، تێکۆشەران و خەباتکارانی کورد لە بستبە بستی ئەو خاکە دابەش کراوەدا بە گیان فیدا کاری بکەن، ئەوە لە دڵی هەمووماندا و لە ئیرادەی هەمووماندا هەیە، کوردستان،کوردستانی هەموومانە لە هەر جێگایەک سەرکەوتن هەبێ هی هەموومانە و لە هەر جێگایەک کۆسپ و دەرد و ئازار هەبێ، هەموومان دەیچێژین و پێکەوە خەمەکان دابەش دەکەین. ئەو کۆبوونەوەو سەرەخۆشییە نموونەی ئەو یەکگرتووییەیە. ئێمە ڕەنگە لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان لە مێژووماندا و لە ئێستادا، هەر کامێکمان و هەر گرووپێکی سیاسیمان هەڵگری بیر وبۆچوونی جیاواز بین، بەڵام ئەو دانیشتنانە و ئەو کۆبوونەوانە نیشانی دەدا کە لە سەرووی هەموو ئەو جیاوازییانەوە یەک بابەت بۆ هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر گرینگە، ئەویش پاراستنی نیشتمانە بە هەموو قیمەتێک و بە هەموو نرخێک، کە ئێمە ئێستا لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا خەریکین ئەو نرخە دەدەین و بە دوژمنانی کورد و داگیرکەران دەلێین کە سەرەڕای سەدان ساڵ پیلان و پیلانگێڕیی دوژمنان و داگیرکەران بۆ تواندنەوەی کورد، بۆ فەرامۆش‌کردنی کورد و فەرامۆش کردنی کولتوور و فەرهەنگ و مێژوو و بایخەکانی کورد، ئەوان ناکام بوونە و بەرەو ڕووخان چوونە، ئەوەی کەڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر نێوبانگ دەردەکا و حەقانییەتی خەباتەکەی بۆ دونیا ڕوون دەبێتەوە، گەلی کوردە لە هەموو بەشەکاندا، بە تایبەتی لە خۆرهەڵاتی کوردستان کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات و ئاڵای ئەوەی هەڵگرتووە کە دوورگەی ئارامشە لە خۆرهەڵاتی شەڕاوی و پڕ لە خوێن‌دا، دەیهەوێ نیشان بدا، ئەوە کە ڕێگا چارەکانی لە لایە و لەوێ دایە کە کورد و باقی نەتەوەکان و ئازادیخوازەکان بە نیشانەی ڕەزایەت دەنگیان لێ دەرنایە،لەحاڵێکدا ئەگەر ئارامییەک هەبێ، بە زۆری سەرنێزەیە، لەژێر خەفەقان و دیکتاتۆری‌ دایە، کە ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو خەفەقان و دیکتاتۆرییە زیاتر دەبێ. کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی ئیدئۆلۆژی و سیاسەتەکانی لە ماوەی ٣٧ ساڵی ڕابردوودا تاکوو ئێستا، نیشانی داوە کە نەک هەر دژی مافی ئازادیخوازان لە ئێرانە،بەڵکوو دژی مافی کوردو باقی نەتەوەکانە، بەڵکوو دژی مافی کوردە لە هەموو بەشەکانی کوردستانی دابەشکراودا.

بۆیە لە هەموو بەشەکاندا شەڕ و ئاژاوە و دووبەرەکی،بەرهەمی سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. ئەگەر ئەوڕۆکە ئێمە لە باشووری کوردستانکە حکوومەتێکی خۆجێیی بۆ خۆی پێکهێناوە،دەبینین لەگەڵ قەیرانی جیاواز بەرەوڕووە، وەکوو قەیرانی ئابووری، شەڕی داعش،دەست‌تێوەردان لە کاروباری ئەو بەشە لە کوردستان و ئەو کێشە و ئاژاوە لە نێو هێزە سیاسییەکاندا هەیە،جێ‌پەنجەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەموو ئەوانەوە دیارە،بۆیە ئەگەر لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا کە بەشی ژێر کۆنتڕۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، خەباتکارانی کورد شەهید دەبن،زیندانی دەکرێن، بێ‌ڕێزییان پێ‌دەکرێ، شتێکی نۆی و سیاسەتێکی تازەی کۆماری ئیسلامیی ئێران نیەو لە خەباتی گەلی کوردی ئەوبەشەش‌دا شتێکی تازە نیە،ئێمە ٣٧ ساڵە ئەو تەجروبەیە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی تازە دەکەینەوە و دەچینە پێشێ، بێ‌گومان ئازادیخوازانی کورد،هێزە سیاسییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئیران، بە تایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران کە لە ٧٠ ساڵ تەمەنی خەباتی لەگەڵ دیکتاتۆری‌دا، ٣٧ ساڵی لە گەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران تەجروبە کردووە، سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بیر و باوەڕەکانی،دژە گەلی‌بوونەکەی،زیاتر لە هەموو خەڵکی دیکە دەناسێ،دڕندەبوونی و بێ‌بەزەییبوونی بە نیسبەت خەڵکی کورد لەو بەشەی کوردستاندا، زیاتر لە هەمووان پێی ئاشنایە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەگەر بڕیاری خەبات و درێژەدانی فیداکاری لە پێناوی ئامانجەکانی خەڵکەکەی خۆی‌دا داوە و جارێکی دیکە پێشمەرگەکانی کوردستان لە گۆشە و کەناری کوردستان و هەموو گوندەکان خەریکی فەعالییەت و تێکۆشانن بۆ پێوەندی گرتن لەگەڵ خەڵک و تێکەڵاوبوون لەگەڵ خەڵک و گەڕانەوە بۆ نیشتمانی خۆیان، بە لەبەر چاوگرتنی ئەو سیاسەتانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە. ئێمە کاتێک لە ڕێبەریی حیزبدا ئەو بڕیارەمان داوە،هەموو ئەو حیسابانەمان کردووە و پێمان وابووەکە دەبێ وەکوو ساڵانی ڕابردوو ئامادە بین نرخەکەیشی بدەین.

ئەو پۆلە پێشمەرگەیەی ئێمە کە ئەوڕۆ ئێمە بۆ یادکردنەوەی قارەمانەتی و بیر و باوەڕی قایمی ئەوان لێرە کۆ بووینەتەوە،نیشانەیەکە لە بەشێک لەو نرخ و بەهایەی کە دەمانهەوێ پەرداختی بکەین،ئەو کۆمەڵە پێشمەرگە نیشانیان دا کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پێچەوانەی تەبلیغات و پڕوپاگەندەی پووچی کۆماری ئیسلامیی ئێران،نەک هەر نەتوواوەتەوە، نەک هەر لەبەین نەچووە،بەڵکوو هەروا ورە بەرز و بیر و باوەڕی قایم و باوەڕی بە ئامانجی گەل، هێناویەتەوە مەیدانی خەبات لە کوردستانی ئێراندا، ئەو پێشمەرگانەی کە سەرەڕای ڕووبەڕوو بوون لەگەڵ هێزی زەبەڵاح و پۆشتە و پەرداخی ڕێژیم، تا ئاخر هەناسە و تا ئاخر دڵۆپی خوێن بەرگرییان کرد لە خۆیان و لە خەڵکەکەیان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیرانیان سەربەرزتر کرد لە ڕابردوو. ئێمە شانازی دەکەین بەو خەباتکارانەمان، بەو پێشمەرگانەمان، بەو خەڵکە کە وزە و هێز و تین دەبەخشن بە پێشمەرگەکان کە ڕۆڵەکانی ئەوانن و بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە پێشڕەوی خەباتی نەتەوایەتییە لە کوردستانی ئێراندا.

لەگەڵ ئەوەی کە خەمی لەدەست دانی ئەو قارەمانانە بۆ ئێمە و بۆ هەموو خەڵکی کورد،کە ئێوە خۆشەویستان لێرە نموونەی ئەوانن، زۆر گرانە، بەڵام ئەو خەمە و خەمەکانی دیکەش،ئێمە بەچۆکدا ناهێنن. ئێمە لە بیر و باوەڕمان، لە ئیرادەمان سست ناکەنەوە، چوونکە پەیمانمان داوە لەگەڵ خەڵکەکەمان تا ئەوکاتەی کە ستەم،جیاوازی دانان و هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ تواندنەوەی خەڵکی کورد لە ئارا دابێ،خەبات بەردەوامە و حیزبی دێموکرات پێشڕەوی ئەو خەباتەیە. ئەو ڕووداوە لەگەڵ هەموو قورساییەکەی خۆی، بەڵام هێندێک دیاردە و نیشانەی زۆر نۆێی بە ئێمە و بە کۆمەڵگای دونیا وناوچە نیشان دا، یەکەم ئەوە کە گەلی کورد لە کوردستانی ئێران لە حیزبی دێموکراتیان ویستووە کە خەباتەکەی خۆی درێژە پێ بدا و ئەو خەڵکە یەکەم پشتیوانی ئەو خەباتەیە.حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پشتیوانیی ئەو خەڵکە جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە نێویان،لەگەڵیان تێکەڵاو دەبێ بۆ ئەوەی کە خوێنی، ئارەقەی و زەحمەت و تێکۆشانی لەگەڵ ئەو خەڵکە تێکەڵ بێتەوە و گرێ بدرێتەوە. بە پێچەوانەی ئەوەی کە بەتایبەتی لەو ڕۆژانەدا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەبلیغات دەکەن و دەیانهەوێ نیشان بدەن کە تێکۆشان و حەرەکەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پشتیوانیی بێگانەکان و عەرەبستان و ئامریکا و...هتد، کە هەمیشە دەیانهەوێ بایەخەکانی کورد کەم بەها بکەن، لێرە ئەمن بە مەسئولییەتەوەجارێکی دیکە ڕادەگەیەنم کە ئەو خەباتە هەڵقوڵاوی ئیرادە و ویستی گەلی کوردە لە کوردستانی ئێران.

هەڵقوڵاوی ئامادەیی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبە کە لە هەموو حاڵەتێکدا یارمەتیدەری حیزبی دێموکرات بوون. ئێمە توانا و هێزی خۆمان لەو خەڵکەو لەو پێشمەرگەیە وەردەگرین، بۆیە ئەگەر ٣٧ ساڵە جەستەی ئەو خەباتە خوێنی لێ دەچۆڕێ،ئەو خەڵکە تەرمیمی کردووەتەوە و پڕی کردووەتەوە.ئێمە وەفادارین بە پەیمانێک کە لەگەڵ خەڵکەکەمان داوە.

ڕابردوومان هەر ئەوەی نیشان داوە، ئێستا و داهاتووشمان هەر ئەوە دەبێ.با کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەکرێگیراوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش باش بزاننکە ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی ئێران، خەڵکی کورد، پێشمەرگەکانی ئێمە،شەڕخواز نین،ئیمە ئاشتیمان دەوێ، پێکەوە ژیانمان دەوێ،پێکەوە هەڵ کردنمان دەوێ،ئێمە دەمانهەوێ خەڵکەکەمان لە کوردستان، لە ئێران و لە هەمووبەشەکانی دیکەی کوردستانی دابەش کراودا، ژیانێکی سەردەمیانەی وەکوو ئەوڕۆیان هەبێ لە دونیادا. خەباتی ئێمە بۆ بەدەست‌هێنانی ئەو شێوە ژیانەیە، ڕزگاری لە چنگی زەلیلی و داماوی و ئەسارەت. ئێمە لەگەڵ ئەوەی کەلە مەراسمی سەرەخۆشی‌دا کۆبووینەتەوە، بەڵام چەشنێک یەکگرتن و یەکدەنگی، لە نێو خەباتکارانی کورد لێرەدا دەبینین. ڕەنگە یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییە گەورەکانی ئەو ڕووداوەئەوە بێ کە خەڵکی کورد، ئێوە نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی سیاسی لە هەموو بەشەکانی کوردستان،بە ئامادە بوونتان لەو ڕێوڕەسمەدا نیشانتان دا کە دڵتان لەگەڵ ئێمەیە، بیر و باوەڕتان لەگەڵ ئێمەیە. هەموومان پێکەوە باوەڕمان بە ڕزگاریی کوردستانە و هەر یەکەی لە بەشی خۆی‌دا،بە شێوەی گونجاوی خۆی خەبات و بەربەرەکانێی خۆی درێژە دەدا. ئەو یەکگرتنە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستە پەرەی پێ بدرێ وقایم بکرێ، بۆیە هیوادارین کە شەهیدبوونی ئەو پۆلە پێشمەرگەیەی ئێمە و ئەو کۆبوونەوەیە و هەروەها ئەو پێشمەرگانەی دیکە کە لە بەشە جیاوازەکانی دیکەی کوردستاندا، ڕۆژانە تەرمەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ بنەماڵەکانیان و نێو خەڵکەکەیان، بە دەستی دوژمنان و تێرۆریستان و ناحەزانی کورد شەهید دەبن،ئەوانە هەموویان ببنە هۆی ئەوە کە لە هەموو بەشەکاندا، بە تایبەتی لە باشووری کوردستان کە هەموو کورد هیوای پێیەتی، کێشەکان لە ڕێگای ئاشتیخوازانەوە چارەسەر بکرێن و ئەو کێشانە نەبنە هۆی ئەوە کە ئامانجە بەرز و نەتەوەییەکان فەرامۆش بکرێن و کەم بایەخ بکرێنەوە، چوونکە هەموومان لەبەرچاومانە و ڕۆژانە دەبینین کە چۆن دوژمنانی ئێمە پەنجەیان ناوەتە نێو خوێنی ئێمە و بە هیچ جۆر لە خوێن ڕشتن و خوێن مژینی ئێمە تێر نابن. ئەوان ڕوحمان پێ ناکەن و پشتیوانی ئێمە و گەورەترین هێزی ئێمە یەکگرتویی ئێمەیە. هیوادارم ئەو شەهیدانە و هەموو شەهیدەکانی کوردستان ببنە دەرسێک بۆ هەموومان کە مێژوویەکی نوێ، ڵاپەڕەیەکی نوێ دەست پێ‌بکەینەوە و لە پێکەوە ژیان، لە پێکەوە هەڵکردن،لە حورمەت دانان بۆ یەکتر و بەهێزکردنی یەکتری. زۆر سپاستان دەکەم لە بەشداریتان. بێ‌گۆمان ئەو بەشدارییە خەم و خەفەتی ئێمە هاوسەنگەرانی ئەو پۆلە پێشمەرگەیە بەتایبەتی بنەماڵە خۆشەویستەکانیان، چ ئەوانەی لێرەن، چ ئەوانەی لە هەر شوێنێکی دیکەن،کەم دەکاتەوە، چوونکە ئێوە خەمەکانمان لەگەڵدا بەش دەکەن. زۆر سپاستان دەکەم و ئاواتم سەربەرزیی ئێوە و سەرکەوتنی کوردستانە.