کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕازییانی ئەفغانی ئاڵای ئێرانیان ئاگر دا

16:07 - 10 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: ژمارەیەكی بەرچاو لەناڕازیانی ئەفغانی لەبەردەم باڵوێزخانەی رێژیمی ئێران لەكابول، ئاڵای ئەو رێژیمەیان ئاگر دا.

هەواڵدەریی روێتێرز بڵاوی كردەوە، ژمارەیەك لەهاووڵاتیانی ئەفغانی بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەدەستێوەردانەكانی رێژیمی ئێران لەكاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتە خۆپیشاندانێكیان ساز كرد و تێیدا وێڕای سووتاندنی ئاڵای ئێران دروشمی دژی ئەو رێژیمەشیان لەسەر پلاكارد پێ‌بوو.
ئەو هاووڵاتییە ناڕازییانە لەبەردەم باڵوێزخانەی رێژیمی ئێرام كۆببوونەوە و لەپێوەندیی دەسبەسەركردنی ژمارەیەك لەرۆڵەكانیشان لەسنوورەكان، داوای وەڵام دانەوەیان لەكاربەدەستانی ئێران كردووە.
لەماوەی یەك حەفتەدا ٥١ هاووڵاتیی ئەفغانی لەخاڵە سنوورییەكانی ماكۆ و خۆی لەلایەن هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر كراون.
لەكۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٣٦ هاووڵاتیی ئەفغانی لەسنووری خۆی و ١٥‌ی دیكەش لەسنووری شارستانی ماكۆ دەسبەسەر كراون.
ئەو هاووڵاتیە ئەفغانیانە بەمەبەستی كار كردن روویان لەئێران كردبوو، بەڵام لەناوچە سنوورییەكانی شارستانی ماكۆ و خۆی لەلایەن هێزەكانی رێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر كراون.
ئەمانە لەحاڵێكدان كە چەند رۆژ لەمەوبەر لێپرسراوانی والی فەرا لەئەفغانستان رایانگەیاندبوو، ژمارەیەك لەهاووڵاتیانی ئەفغانی لەسەر سنوور بوونە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەكانی رێژیمی ئێران و ژمارەیەك كوژراو و برینداری لێكەوتەۆتەوە.