کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نتانیاهۆ: رێژیمی ئێران هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نایەت

15:06 - 21 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: نتانیاهۆ لە دژکردەوەیەکدا لە بەرامبەر پەیامی بڵاوکراوەی رێبەڕی رێژیمی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر، ئەو رێژیمەی نەگۆڕ وەسف کرد.
بەپێی راپۆرتی رادیۆ فەردا و لە زاری کاناڵی تەلەفیزیۆنی سی.ئێن.ئێن، رۆژی دووشەممە بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەرەڕای ئەوەی جەختی کردەوە کە رێژیمی ئێران تیرۆریستـە، رایگەیاند کە ئەو دەسەڵاتە هیچ گۆڕانێکی بە سەردا نایەت.

بنیامین نتانیاهۆ لە دژکردەوەیەکدا سەبارەت بە پەیامی تویتێری رێبەڕی رێژیمی ئێران عەلی خامنەیی‌کە تێیدا داوای کردبوو رێژیمی ئیسرائیل لە ناو ببردرێت، رایگەیاندووە کە سیاسەتەکانی رێژیمی ئێران هیچ گۆڕانکارییەک هەڵناگرێت.

نتانیاهۆ لە درێژەی قسەکانیدا وتی، نابێت رێژیمی تیرۆریستی ئێران بە چەکی ئەتۆمی تەیار بێت، چوونکە دەبێتە گەورەترین مەترسی بۆ سەر جیهان.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ چەندمین جار لەو ماوەیەدا لە رێکەوتنی بەپەلە لەگەڵ رێژیمی ئێران رەخنەی گرت و سەبارەت بەو پرسە گرینگە هوشداری بە گرووپی ١+٥ دا.

بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە کە هەر رێکەوتنێک کە تێیدا داوا نەکرێت دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران لە ناو ببردرێت؛ رێکەوتنێکی خراپـە و هەروەها رایگەیاند کە دەبێ هەموو بەرنامە ناوکییەکانی رێژیمی ئێران لە ناو ببردرێن و لە هەر رێکەوتنێکدا کە دەکرێ، دەبێ رێژیمی ئێران هەموو چالاکییە ناوکییەکانی رابگرێت.

لەو پەیوەندییەدا پێشتریش، ئێلینا رۆز لێتینێن ئەندامی کۆماریخوازی کۆنگرەی ئامریکا و سەرۆکی کۆمیتەی دەرەکی رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکووری ئافریقا لە مەجلیسی نوێنەران لە راگەیەندراوێکدا بۆ چەندمین جار سەبارەت بە هەر رێکەوتنێک لەگەڵ رێژیمی ئێران هۆشداری بە دەوڵەتی ئامریکا و شەش وڵاتی زلهێزی جیهانی دابوو.

ئەو ئەندامە پلەبەرزەی کۆنگرەی ئامریکا لە راگەیەندراوەکەیدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە بەرنامەی ناوکی رێژیمی ئێران دەبێ بە تەواوەتی داخرێت و هەروەها وتوویەتی کە هیچ نیشانەیەک لە ریگەپێنەدان بە رێژیمی ئێران بۆ وەدەست‌خستنی چەکی ناوکی، لە بەر دەستدا نییە