کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نزیك بە هەزار سەر مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتیانی كوردستانی رۆژهەڵات لەلایەن سپای پاسدارانی رێژیمەوە زەوت كرا

18:42 - 29 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: لەماوەی یەك حەفتەدا ٩٧٠ سەر مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتیانی كورد لە ناوچەكانی كوردستانی رۆژهەڵات لەلایەن هێزەكانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
ژمارەیەكی بەرچاو لەو ئاژەڵانە كە لەلایەن ئەو هێزانەوە زەوت كراون، بردراونەتە كوشتارگا و دوای سەربڕینیان گوشتەكانیان لەناو خۆیان و بنكە نیزامییەكاندا دابەش كردووە و بەو پەڕی بێ‌حورمەتییەوە هیچ وڵامێكیان بە خاوەن ئاژەڵەكان نەداوەتەوە.
پیرانشار

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رێكەوتی ٢٢ی خاكەلێوە هێزەكانی سەر بە فەرماندەیی مەرزبانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەبێ هۆكارێكی روون دەستیان بەسەر ٣٠٠سەر مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتیانی كورد لە ناوچەی پیرانشاردا گرت.
ئەو ئاژەڵانە بەمەبەستی لەوەڕاندن لەلایەن خاوەنەكانیانەوە بردرابوونە چیاكانی دەورووبەری شاری پیرانشار، بەڵام هێزەكانی رێژیم دەستیان بەسەر ئەو ئاژەڵانەدا گرتبوو و سەرجەمیان لەگەڵ خۆیان بردبوو.
ئەیوان

لەلایەكی دیكەوە رێكەوتی ٢٤ی خاكەلێوە چەند چەكداری سەر بە سپای پاسداران لە گوندەكانی كەلەجووب و چوار ملەی سەر بە شاری ئەیوان زیاتر لە سەد سەر لە مەڕی دانیشتوانی ئەو گوندانەیان زەوت كرد.
بەدوادا چوونی خاوەن ئاژەڵەكان لەو پێوەندییە هیچ سوودێكی نەبوو و ناوەندەكانی رێژیم هیچ وڵامێكیان پێ‌نەدابوونەوە.
سەرپێڵ زەهاو

رێكەوتی ٢٧ی خاكەلێوە، ٥٠ سەر مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتییەك بە ناوی كاكە برا عەزیز لە ئاوایی تەپی ماڕانی سەربە شاری سەرپێڵ زەهاو لەلایەن هێزەكانی سپای پاسدارانەوە دەستی بەسەردا گیرا.

پێشتریش ٢٢٠سەر مەڕ و ماڵاتی دیكەی كاكە برا و هەروەها خەڵكانی تری ناوچەكە لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستی بەسەردا گیرابوو و لە كوشتارگای شاری سەرپێڵ زەهاو سەرێیان بڕیبوون.
قەسری شیرین

لەدرێژەی زەوت كرنی مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتیانی كوردا رێكەوتی ٢٨‌ی خاكەلێوە نزیك بە ٢٥٠ سەر مەڕی هاووڵاتیانی كورد لە سنووری ئەزگلە لەلایەن هێزەكانی سپای پاسدارنی رێژیمەوە زەوت كران.
ئەو زەوت كردنانە لەكاتێكدایە كە هاووڵاتیانی كورد بەمەبەستی لەوەڕاندن ئەو ئاژەڵانەیان بربووە چیاكانی نزیك لە سنوورەكان و هێزەكانی رێژیمیش بەبیانووی نزیك بوونەوە لەسنوور مەڕ و ماڵاتەكانیان لێ‌زەوت كردبوون.
مەریوان

خاوەن ئاژەڵەكانی ناوچەی مەریوانیش لە زەوت كردنی ئاژەڵەكانیان بێبەری نەبوون و هێزەكانی سپای پاسداران ٥٠ سەر مەڕی هاووڵاتییەكەی ئەو ناوچەیان لە نزیك سنووری پیران زەوت كردووە و رەوانەی كوشتارگایان كردوونە.

دیاردەی زەوت كردنی ئاژەڵی هاووڵاتیانی كورد لەلایەن هێزەكانی رێژیمەوە نیگەرانی ئاژەڵدارانی كوردستانی رۆژهەڵاتی لێكەوتۆتەوە.