کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نزیك بە ١٠٠ هەزار كەس لە نائارامییەكانی سووریەدا كوژراون

23:36 - 23 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەراپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە، ژمارەی كوژراوانی شەڕی سووریە لەكاتی دەسپێكەوە هەتا مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ، ٩٣ هەزار كەسە.


رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەراپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە، لەتێكهەڵچوونەكانی سووریەدا ٩٣ هەزار كەس كوژراون و لەكۆی گشتیی ئەو رێژەیە، شەش هەزار و ٥٠٠كەسیان منداڵن و لەنێو ئەوانیشدا هەزار و ٧٢٩ یان، تەمەنیان لە ١٠ ساڵ كەمتر بووە.
تەنیا لەماوەی ٨مانگی رابردوودا سی هەزار كەس لەسووریە كوژراون و لە راپۆرتەكەشدا هاتووە، دەكرێ‌ئەو رێژەیە لەوەش زیاتر بێت.
ئەو ئامارە ئاماژە بەوەیە كە، لەماوەی نزیك بە یەك ساڵی رابردوودا توندوتیژییەكان لەسووریە پەرەی سەندووە و هەروەها باس لەدۆخی نالەباری ئەو وڵاتە دەكات.

لەراپۆرتەكەدا چەكدارەكانی رێژیمی سووریە بەوە تاوانبار كراون كە لەمنداڵان وەكوو قەڵغانی مرۆیی كەڵكیان وەرگرتووە و هەروەها منداڵانیان بەتۆمەتی هاوكاری ئەرتشی ئازاد ئەشكەنجە كردووە.
هەر لەو پێوەندییەدا ناوی پیلای رێپورتێری كۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان وتوویەتی: لەناوچەی دیمەشق زۆرترین كەس كوژراون، بەچەشنێك كە لە کۆی کوژراوەکان، هەفدە هەزار و ٨٠٠كەس تەنیا لەو ناوچەیە گیانیان لێ‌ئەستێنراوە.
خانمی پیلای ئەوەشی خستە روو، پێویستە هەر چی خێراتر وڵاتانی خاوەن بڕیار و هێز، كۆتایی بەقەیرانی سووریە بێنن.