کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات له ئاڵمان، سەردانی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەو وڵاتەی کرد

18:02 - 8 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: پێشلکاریی مافی مرۆڤ پاش هاتنە سەرکاری رۆحانی و ئەو قەیرانانەی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە و هەروەها رۆڵی رێژیمی ئێران لەو قەیرانانەدا، بەشێک لە باس و بابەتەکانی دیداری نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان پێکهێنابوو.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، هیوا بەهرامی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان، رۆژی هەینی رێکەوتی ٦ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەی کرد و لەبارەی کۆمەڵێک بابەتی پێوەندیدار بە کوردستان، ئێران و ناوچەکە لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو وەزارەتخانەیە کۆبووەوە.
نوێنەری حیزبی دێموکرات لەم سەردانەدا وێڕای باسکردن لەبارەی بارودۆخی ئێستای کوردستان و ئێران، تاوتوێی عەمەلکردی ناسەرکەوتووی \'\'دەوڵەتی رۆحانی\'\'ی له سیاسەتی ناوخۆی وڵاتدا لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو وەزارەتە کرد و وتی: دروشمەکانی رۆحانی له کاتی هەڵبژاردندا بۆ فریودانی رای گشتیی ئێران بوو.

نوێنەری حیزب هەروەها وتی: چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕی هەرچەند رووکەشیش له سیستمی کۆماری ئێسلامیدا ساویلکانەیه و ئەمەش به پێ ئەو ئەزموونەیە که ٣٦ ساڵه لەگەڵ کۆماری ئێسلامیدا کراوە.

دواتر چەندین بابەتی دیکەی وەک دانووستانی وڵاتانی ١ + ٥ لەگەڵ کۆماری ئێسلامی و هەروەها قەیرانی سووریه و عێراق و رۆلی ئێران لەو قەیرانانەدا باسیان لەسەر کرا.

سەبارەت به داهاتووی عێراق و پرسی سەربەخۆبوونی هەرێمی کوردستان باسی لەبارەوە کراو هەردوولا بۆچوونەکانی خویان خستە روو.

هیوا بەهرامی نوێنەری حێزبی دێموکراتی کوردستان له ئاڵمان لەم پێوەندییەدا وتی: حیزبی ئێمه به پێی ئەو پرنسیپەی تا ئێستا رەچاوی کردووه له بەشەكانی دیکەی کوردستاندا دەستێوەردان ناکات، بەڵام هەر بڕیارێک که خەڵک و حیزبەکانی باشوور بیدەن، بو ئێمه جێگای رێزه و پشتگیریان لێ دەکەین.