کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا سەردانی دەفتەری سێناتۆر مارکۆ ڕووبیۆی کرد

17:23 - 23 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە دیدار لەگەڵ مارک ڕووبیۆدا، باسی لەوە کرد کە مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتەکانی خۆیدا لە نەورۆزی ئەمساڵدا پەردەی لە سەر بەرنامەی تازەی حیزبی دێموکرات لادا.

ئارەش ساڵح، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، سەردانی دەفتەری سێناتۆر مارکۆ ڕووبیۆی کرد و لە لایەن ڕاوێژکاری کاروباری نێونەتەوەیی سێناتۆر ڕووبیۆوە پێشوازی لێ کرا.

لەم سەردانەدا کە بە مەبەستی تاوتوێ کردنی دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرەی ئامریکا ئەنجام درا، باسی بڕیاری تازەی حیزبی دێموکرات بۆ پێشخستنی خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هاتە ئاراوە.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لەو چاوپێکەوتنەدا گوتی کە؛ مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتەکانی خۆی بە بۆنەی نەورۆزەوە پەردەی لەسەر بەرنامەی تازەی حیزب لاداوە و گوتیشی کە بەپێی ئەو بەرنامەیە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کەمپینێکی هەمە لایەنەی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەست پێ کردووە.

ئارەش ساڵح، هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەم کەمپینە فرە ڕەهەندە هەموو بەشەکانی خەباتی مەدەنی، کولتووری و کۆمەڵایتی و هەروەها سەربازی لەبەر دەگرێت.

هەروەها لە درێژەی باسەکاندا و لەمەڕ کێشە سەرەکییەکانی ئەمڕۆی ئێران، ئارەش ساڵح گوتی کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە باشی دەزانێت کە تێگەیشتنی ئێران لە دیپلۆماسی بە هێچ شێوەیەک نزیک بەو تێگەیشتنە نیە کە دنیای ئازاد بە نیسبەت دیپلۆماسیەوە هەیەتی و ئەو ڕاستییەش کە کۆماری ئیسلامی لە دیپلۆماتەکانی خۆی کەڵکی وەرگرتووە بۆ تێرۆری ڕێبەرانی ئێمە و لە سەفارەتەکانی کەڵکی وەرگرتووە بۆ حەشاردانی تێرۆریستان پیشان دەدات کە ئەو ڕێژێمە لە پابەندبوونی هەموو دنیا بە بەها مرۆییەکان کەڵک وەردەگرێت بۆ ئەوەی لە پشتەوە خەنجەر لە ئاسایشی جیهانی بدات.

بێتانی پۆلۆس، ڕاوێژکاری سێناتۆر ڕووبیۆ هەروەها وتی کە تێگەیشتنی ئەوان لە تێگەیشتنی حیزبی دێموکرات لە مەڕ مەسەلەکان نزیکە و هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەوان باش تێدەگەن کە کۆماری ئیسلامی جێگەی متمانە نیە، نە بۆ خەڵکی خۆی و نە بۆ دنیای دەرەوە.

ڕاوێژکاری سێناتۆر ڕووبیۆ بۆ کاروباری دەرەوە، هەروەها ئاواتی خواست کە لە داهاتوودا بارودۆخێک بێتە ئاراوە کە ئیتر کەس نیگەرانی ئەوە نەبێت کە بە دانیشتن لەسەر مێزی وتووێژ گیانی دەکەوێتە مەترسییەوە.

سێناتۆر مارکۆ ڕووبیۆ سێناتۆری فلۆریدایە و یەکێک لە کاندیداکانی کۆماریخوازەکان بۆ سەرکۆماری بوو کە پێگەی لە ناو کۆماریخوازەکاندا زۆر گرینگە و خاوەنی نفووزێکی زۆرە لە ناو پێکهاتە سەرەکییەکەی پارتەکەیدا.