کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێکردنەوەی قوتابخانە بە پارەی بنەماڵە و هەوڵی قوتابیانی کورد

18:38 - 22 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: قوتابییانی یەکێک لە قوتابخانەکانی شنۆ بە تێچوو و پارەی بنەماڵە و کاری خۆیان، قوتابخانەکەیان نۆژەنکردەوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، خوێندەوارانی کوردی قوتابخانەی حاج رەسوولیانی شاری شنۆ بە هۆی دۆخی نالەباری قوتابخانەکەیان و پشتگوێ خرانی ئەو کێشەیە لەلایەن بەرپرسانی قوتابخانەوە، بە شێوەی خۆڕسک و بە تێچووی خۆیان قوتابخانەکەیان نوێکردەوە.

یەکێک لە هەواڵدەرییە ناوچەیەکان لەو پەیوەندییەدا بڵاوی کردەوە کە بەرپرسانی قوتابخانەی حاج رەسوولیان پێشتر پارەی نەختیان لە بنەماڵەی قوتابیان وەرگرتبوو.

وەرگرتنی پارەی نەخت لە قوتابیانی کورد، ناڕەزایەتیی توندی بنەماڵەی قوتابیانی لێکەوتووەتەوە.

پێشتریش لە شاری شنۆ بەرپرسانی فێرکاری قوتابخانەی گوندەکانی شنۆ سەرەڕای نەبوونی ئیمکاناتی پێویستی خوێندن لە قوتابخانەکان، بە بیانووی دابینکردنی سوتەمەنی و کەرەستەی پێویستی قوتابخانە، پارەی زۆرە ملییان لە قوتابیان وەرگرتبوو.

لەبەر هۆکارگەلی وەک گوشاری ئابووری، کەمی داهات و هەژاری، زۆربەی بنەماڵەی قووتابییان ناتوانن کە ئەو پارەیە بدەن و بەو هۆیەوە قوتابییانی گوندەکانی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەگەڵ مەترسیی دەرکران یا بێبەش کردن لە خوێندن بەرەوڕوو بوونەتەوە.

بەپێی بەندی یەکی ماددەی ٢٦ی راگەیەندراوی جیهانیی مافی مرۆڤ بۆ پەروەردە و بارهێنانی بێ بەرامبەر و گشتگیر، هەموو کەسێک مافی پەروەردە و فێربوونی هەیە و ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لانیکەم دەبێ پەروەردەی سەرەتایی و بنەڕەتیی بێ بەرامبەر بۆ هاووڵاتییان دابین بکات.

بەشی \'\'ئەلف\'\' لە بەندی ٢ی ماددەی ١٣ی جاڕنامەی نێودەوڵەتیی مافی ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و پەروەردەی بێ بەرامبەر کە ئێران ساڵی ١٣٥٤ ناوەڕۆکی ئەو جاڕنامەیەی پەسند کردووە، دەڵێت: پەروەردە و بارهێنانی سەرەتایی دەبێ ئیجباری و بەبێ بەرانبەر بێت و تێکڕای کۆمەڵگا بە ئاسانی بتوانن لێی بەهرەمەند بن.

هەروەها له بەندی دووهەمی ئەسڵی سێیەمی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا هاتووە: دەوڵەت ئەرکدارە تێکڕای ئیمکاناتی پەروەردە و بارهێنان بۆ هەموو ئاست و قۆناغەکانی خوێندن، دابین بکات و هەروەها ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیی ئێران دەڵێت: دەوڵەت ئەرکدارە پێداویستییەکانی پەروەردە و بارهێنانی بێ بەرامبەر بۆ هەموو خەڵک هەتا کۆتایی قۆناغی دواناوەندی دابین بکات و خوێندنی باڵاش هەتا ئاستی خۆبژیویی وڵات بە شێوی بێ بەرامبەر پەرە پێ بدات\'\'.