کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نۆژەن كردنەوەی مزگەوتی مێژوویی مەلاخدر لەنەغەدە پشت گوێ خراوە

15:41 - 24 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: نۆژەن كردنەوەی بینای مزگەوتی مێژووی مەلاخدر(جامع) لەشاری نەغەدە لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەكانەوە پشت گوێ خراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەماڵپەڕی كوردستان میدیا، بینای مزگەوتی مێژوویی مەلاخدر كە زیاتر لە ٩٠ساڵ تەمەنی هەیە و بەیەكێك لەمزگەوتە مێژووییەكانی شاری نەغەدە دێتە ئەژمار، بە هۆی كۆنی دار و دیوارەكانی داڕماوە و ناوەندە پێوەندیدارەكانی رێژیمی ئێران خۆیان لەنۆژەن كردنەوەی بواردووە.
ماوەیەك لەمەوبەر شوێنی بینا و جیگای دیوارەكانی ئەو مزگەوتە بناخەی بۆ هەڵكەندراوە، بەڵام هیچ ئاسەوارێك لە دانای چوارچێوەی بیناكە وەبەر چاو ناكەوێ.
لەو ماوەیەشدار بەهۆی بارینی بارانەوە بەشێكی دیكەی ئەو مزگەوتەش كە دەبێتە باشووری بیناكە، بەتەواوەتی داڕماوە.
هاووڵاتیانی شاری نەغەدە لەو باوەڕەدان ئەو مزگەوتە مێژووییە چەندین ساڵە شوێنی نوێژ و پرسەی كوردەكان بووە و هەر بۆیەش رێژیمی ئێران خۆی لە نۆژەن كردنەوەی دەبوێرێ.

مزگەوتی مەلاخدر (جامع) لەلای قەڵای قەدیمی نەغەدە و لەنزیك نەخۆشخانەی تازەی ئەو شارە هەڵكەوتووە.

وێنە: نیما